ناجێگریی نرخی دۆلار شڵەژانی ئابووریی لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستاندا دروست کردووە

ناجێگریی نرخی دۆلار شڵەژانی ئابووریی لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستاندا دروست کردووە
دوو رۆژە خەڵکی هەرێمی کوردستان خەریکی شتکڕینن و دەترسن نرخ گرانتر ببێت. نرخ لە هەر دووکان و فرۆشگەیەکدا جۆرێکە، بازاڕە جەنجاڵەکەى سلێمانی و هەفتەى یەکەمى شەپۆلى گۆڕانکارییەکانى نرخى دراوى عێراقى بەرامبەر بە دۆلارى ئەمریکى، ئەو پرۆسەیەى عێراق بۆ پینەکردنى داڕمانى پارەکانى گرتییە بەر و بە جارێک بازاڕى شڵەژاندووە.

لە بازاڕی سلێمانیدا نرخى شمەک و کاڵاکان لە دووکانێکەوە بۆ دووکانێکی دیکە و لە بازرگانێکەوە بۆ بازرگانێکی دیکە جیاوازن، بەڵام بەشێوەیەکى گشتی نرخى هەموو شتەکان 20٪ زیادى کردووە.

هۆشیار حەمەغەریب، بازرگانە و دەڵێت: "هەمو شتێک گران بووە. جاران ئێمە کارتۆنێک دۆشاومان بە 16 هەزار دینار دەفرۆشت، ئێستا بووە بە 18 هەزار دینار و لە بازاڕیش بە 20 هەزارە."

ئەوەى گۆڕانکاریی زۆرى بەسەردا هاتووە، ئەو کاڵا و شمەکانەیە کە بە دۆلار کڕدراون، بەڵام سەوزە، میوە و وشکە ئەو بەرهەمانەی کە بە دینارن یان بەرهەمى ناوخۆیین تا ڕادەیەک وەک خۆیانن.

حەسەن مام عەلى، وشکەفرۆشە و دەڵێت: "گۆڕاکاریی بەسەر نرخەکاندا هاتووە و حەقیقەتە و بەسەر خەڵک و بازاڕیشدا دەبێت بشکێتەوە. ئێمە خۆمان ئەوەمان پێخۆش نییە."

هەرێمى کوردستان وەک رێڕەوێکى گەورەى بازرگانییش بۆ عێراق زۆرترین بارزگانى و ئاڵوگۆڕى لەگەڵ سێ وڵاتدایە: تورکیا، ئێران و چین. لەگەڵ تورکیا و چین مامەڵەکان بە دۆلارن، لەگەڵ ئێرانیش زیاتر بە تمەنە.

فەتاح کەریم، فرۆشیاری ئامێرى کارەباییە و دەڵێت: "جاران تەباخێک بە 300 دۆلار بوو، دەیکردە 375 هەزار، ئێستا هەر بە 300 دۆلارە، بەڵام بە 425 ئەشکێتەوە."

بۆ رێگریی زیاتر لە یاریکردن بە نرخى کاڵا و شمەک، لیژنەکانى قایمقامییەتی سلێمانی لە سبەینێوە سەرپێچیکاران سزا دەدەن.

سۆران عەبدولغەفوور، بەڕێوەبەرى چاودێریی بازرگانیی سلێمانى راگەیاند: "لە هەرێمى کوردستان شەش هەزار بازرگان کارى هاوردە و هەناردە دەکەن. چوار هەزار لەو ژمارەیە لە سلێمانین و نیوە زیاتریشیان لەگەڵ ئێران مامەڵە دەکەن. ئەوانەى سنوورى هەولێریش زیاتر لەگەڵ تورکیا مامەڵە دەکەن."

مستەفا شێخ عەبدولڕەحمان، سەرۆکى یەکێتیی هاوردە و ناردنکارانى کوردستان گوت: "داوا لە بازرگانەکان دەکەین لەبەر خاترى ئەو دۆخە خراپەى تێی کەوتووین نەکەن نرخ گران بکەن و بازاڕ پەک بخەن."

ئەو دۆخەى سلێمانى بۆ هەموو شارەکانى دیکەى هەرێمی کوردستان و عێراق وەک یەکە. زیانمەدى گەورەش خەڵک و فەرمانبەرانن کە مووچەکانیان بە دینار وەردەگرن، بەڵام بازاڕ و کۆگەکان بە دۆلارەوە سەرقاڵن.
rudaw -
Top