شارەوانی و گەشتوگوزار: هەرێمی کوردستان هەلی کاری زۆری بۆ کۆمپانیا بیانی و خۆماڵییەکان تێدایە

شارەوانی و گەشتوگوزار: هەرێمی کوردستان هەلی کاری زۆری بۆ کۆمپانیا بیانی و خۆماڵییەکان تێدایە
بە ئامادەبوونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، سیمیناری وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان و ئاژانسی جایکا سەبارەت بە ناساندنی پرۆژەی دروستکردنی ئاوەڕۆ لە هەرێمی کوردستان بەشێوەی ڤیدیۆ کۆنفرانس بەڕێوەچوو، ساسان عەونی رایگەیاند، هەرێمەکە جموجۆڵی زۆری بازرگانی و هەلی کاری بۆ کۆمپانیا بیانی و خۆماڵییەکان تێدایە.

لە سیمینارەکەدا نزیكەی 100 کەس لە کۆمپانیاکانی ژاپۆن بەشدارییان کرد. ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان لە سەرەتای بەڕێوەچوونی سیمینارەكەدا لە گوتارێكدا بە زمانی ئینگلیزی خۆشحاڵی خۆی بۆ بەڕێوەچوونی سیمینارەكە راگەیاند و گوتی "هەرێمی كوردستان شوێنێكی جوگرافیای گرنگە و لەڕووی ئاسایشەوە سەقامگیرییەكی تەواوی هەیە، ئەمەش كاریگەریی كردووەتە سەر ئەوەی كۆمپانیا بیانییەكان و خۆماڵییەكان ئێرە هەڵبژێرن، بۆیە جموجۆڵێكی زۆری بازرگانی و رەخساندنی هەلی كاركردنی تێدایە بۆ كۆمپانیا خۆماڵی و بیانییەكان".

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان ئاماژەی بە سیاسەتی حكومەت كرد بۆ هاندانی كۆمپانیا بیانییەكان بە مەبەستی رەخساندنی هەلی كاركردن و رایگەیاند حکومەتی هەرێمی كوردستان و سەرۆكی حكومەت، هانی کەرتی تایبەت دەدات بە رەخساندنی هەلی کارکردن بۆ کۆمپانیا ناوخۆیی و بیانییەکان لەپێناو خزمەتكردنی زیاتری وڵات؛ جەختیشی كردەوە لەوەی حکومەت هەموو هەوڵێکی خۆی دەخاتەگەڕ بۆ فەراهەمکردنی ژینگەیەکی باش بۆ کارکردنی كۆمپانیا بیانییەكان لە هەرێمی کوردستان.

هەر لە سیمینارەکەدا، ئاری ئەحمەد بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ گوتارێكی پێشكەش كرد، تێیدا رەوشی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی كوردستانی خستەڕوو، هەروەها ئەو پلانانەی چاوەڕێ دەكەن لە داهاتوودا بە هاوكاریی كۆمپانیا ژاپۆنییەكان جێبەجێی بكەن، تاوتوێ كرد.

ئیسماعیل ئیبراهیم ئەحمەد، بەڕێوەبەری تیمی بەڕێوەبردنی پرۆژەكانی قەرزی ژاپۆنی لە بەڕێوەبەرایەتیی ئاو و ئاوەڕۆ، بە شێوەیەكی گشتی باسی هەرێمی كوردستان و هەولێری بەتایبەتی کرد لەڕووی جوگرافی، مێژوویی، ئابووری و تەناهییەوە.

تۆیۆما، بەڕێوەبەری ئۆفیسی عێراقی ئاژانسی جایکا، یۆشیکاوا، بەڕێوەبەری بەشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەوروپای ئاژانسی جایکا و نوێنەرانی چەند وەزارەتێکی ژاپۆنی پەیوەندیدار و نوێنەرانی کۆمپانیا ژاپۆنییەکان لە سیمینارەکەدا بەشداربوون.

rudaw -
Top