عەبدولخالق تەڵعەت: شاندێکى ئەمنیی عێراق گەیشتە هەولێر

عەبدولخالق تەڵعەت: شاندێکى ئەمنیی عێراق گەیشتە هەولێر
نوێنەرى هەردوو وەزارەتى ناوخۆ و پێشمەرگە لە ژوورى ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانى عێراق رای گەیاند شاندێکى ئەمنیى عێراق بۆ تاوتوێکردنى رێوشوێنە ئەمنى و ئیدارییەکانى بەڕێوەچوونى پڕۆسەى هەڵبژاردنەکانى عێراق، گه‌یشته‌ هه‌ولێر.

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 21/12/2020و لیوا عەبدولخالق تەڵعەت نوێنەرى هەردوو وەزارەتى ناوخۆ و پێشمەرگە لە ژوورى ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانى عێراق راى گەیاند: "ئه‌مڕۆ پێشوازیمان لە شاندێکى باڵاى ئەمنیى عێراق كرد، هاتنی ئه‌و شانده‌، بە ئامانجى بەسەرکردنەوەى مەیدانى کۆگا و بنکە سەرەکییەکانى دەنگدان لە هەولێرى پایەتەخت و تاوتوێکردنى رێوشوێنە ئەمنى و ئیدارییەکانى بەڕێوەچوونى پڕۆسەى هەڵبژاردنەکانى داهاتووى عێراق بوو، کە بڕیارە لە 6/6ى ساڵى داهاتوو بەڕێوەبچێت".

راشیگەیاند" شاندە ئەمنییەکەى بەغدا، سبه‌ی لەگەڵ پارێزگارى به‌وه‌كاله‌تی هەولێر و لێژنەى ئەمنى کۆدەبنەوە، بۆ ئەوەى پێداویستییەکانى هەڵبژاردنى داهاتوو بخەنە بەرباس و بەراپۆرتێک به‌ حکوومەتى عێراقی بده‌ن، تا لەکاتى پێویست و بەر لە ئەنجامدانى پڕۆسەى هەڵبژاردنەکان ئەو پێداویستییانە بۆ بنکەکانى هەرێمی كوردستان دابین بکرێن".

ناوبراو ئەوەشى خستەڕوو، ئه‌و شانده‌، دواى هەولێر، لەرۆژانى داهاتوو سەردانى پارێزگاکانى دیکەى هەرێمی كوردستان دەکەن بۆ بەسەرکردنەوەى بنکەکانى دەنگدان و دابینکردنى پێداویستییەکان، كه‌ لە هەرێمى کوردستان نزیکەى 250 بنکەى هەڵبژاردن هەن".

به‌ هۆی خۆپیشاندانه‌كانی ساڵی رابردووی عێراق و هاتنه‌ كایه‌ی دۆخێكی ئاڵۆز و لابردنی سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشتر، دوای ده‌ستنیشانكردنی سه‌رۆك وه‌زیرانی نوێ بڕیار درا له‌ مانگی حوزه‌یرانی ساڵی داهاتوو هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ ئه‌نجام بدرێ، به‌ڵام تا ئێسته‌ دڵنیایی ته‌واو له‌ به‌ڕێوه‌چوونی ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌ نه‌دراوه‌












باسنیوز


Top