زانکۆی راپەڕین: هیچ مامۆستایەکی زانکۆکەمان لەگەڵ سلێمان هەڵشۆیی تێوەنەگلاوە
لە روونکردنەوەی زانکۆکەدا هاتووە، لەدوای بەدواداچوونی ورد "بۆمان دەركەوتووە هیچ مامۆستایەكی زانكۆمان، تێوەنەگلاوە لەم مامەڵانەی ئەو هاووڵاتییە ئەنجامیداون، ئەگەر كەیسێكی واش هەبێت و ئێمەش ئاگادارنەبین ئەوا (لەسەر ئاستی كەسییە و پەیوەندیی بە زانكۆ وەكو دامەزراوە نییە)".
هەروەها ئاماژە بەوە کراوە کە "لە دوێنێوە، بە مەبەست، زانكۆی راپەڕین كراوەتە ئامانج و پڕوپاگەندەی ناڕاست دەربارەی ستافی زانكۆكە بڵاودەكرێنەوە، هەندێک مامۆستامان بەناو کراونەتە ئامانجی ناوزڕاندنەکان و پێتان رادەگەیێنین کە ئەمە دوورە لە راستییەوە".
زانکۆکە ئەوەی خستووەتەڕوو "لە ژمارەیەك پەیج و ئەكاونتی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، ئەوەی جێی داخ و تێڕامانە بەشێك لەو پەیجانە پەیجی كەناڵ و دامەزراوەی فەرمین و كەناڵی گەورەی تەلەڤیزیۆنییان لەپشتە، بەبێ بەدواداگەڕان و وردبوون و لێكۆڵینەوەی رۆژنامەوانی، پشتیان بەستوە بەو دەنگۆ و پڕوپاگەندانەی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوكراونەتەوە و ئەوانیش جارێكی دیکە بڵاویان كردووەتەوە، بە جۆرێك بابەتەكە سەری كێشاوە بۆ تانە و تەشەر و تەشهیر بە دامەزراوەیەكی زانستیی وەكو زانكۆ، ئەوەش دوورە لە بنەما ئیتیكی و ئەخلاقییەكانی كاری رۆژنامەوانی و پێچەوانەی یاسای كاری رۆژنامەوانیشە لە هەرێمی كوردستان".
دوو رۆژە سلێمان هەڵشۆیی بەهۆی ئەوەی کە "پارەیەکی زۆری خەڵکی دەڤەری بیتوێن و پشدەر و چەند شارێکی دیکەی هەرێمی کوردستان"ی لەلابووە، کە دەگوترێت نزیکەی 50 ملیۆن دۆلار دەبێت و ئێستا مایەپووچ بووە، دەستگیرکراوە، خەڵکێکی زۆریش ناڕەزایەتییان دەربڕیوە و داوای پارەکەیان دەکەنەوە.
رووداو
