هۆشیار عەبدوڵا پاساو بۆ بەرزكردنەوەی بەهای دۆلار لە لایەن بانكی مەركەزی دێنێتەوە

هۆشیار عەبدوڵا پاساو بۆ بەرزكردنەوەی بەهای دۆلار لە لایەن بانكی مەركەزی دێنێتەوە
یەكێك لە پەرلەمانتارە كوردە نەیارەكانی هەرێمی كوردستان كە گوایە داكۆكی لە مافی مووچەخۆر و خەڵكی دەكات، پاساو بۆ بڕیاری بەرزكردنەوەی بەهای دۆلار لە لایەن بانكی مەركەزیی عێراق دێنێتەوە و لە بەرامبەریشدا بەكارهێنەرانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان شەرمەزاری دەكەن و دەپرسن ئاخۆ هەرێمی كوردستان ئەمەی بكردایە، چی دەكرد؟

پاش ئەوەی بە فەرمی ئەمڕۆ یەكشەممە ٢٠ی ١٢ی ٢٠٢٠، بانكی ناوەندیی عێراق بەهای دۆلاری لە بۆ ١٤٧ هەزار بەرز كردەوە، هۆشیار عەبدوڵا، یەكێك لە پەرلەمانتارە كوردە نەیارەكانی هەرێمی كوردستان كە بە خۆفرۆشییە لەڕادەبەرەكەی بۆ شۆڤێنییەكانی عێراق ناسراوە، لە پێگەی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووك) بڵاوی كردەوە: ”خەڵکێکی زۆر دەپرسن هەڵویستی پەرلەمان چیە؟ نامەوێ بچمە ناواخنی ئەوەی ئەو هەنگاوە سوود و زیانەکانیی چین، بەڵام گرنگە روون بێ، دەستكاریی بەهای دراو تایبەتمەندیی وەزارەتی دارایی و بانکی ناوەندییە، بەشێکە لە سیاسەتی نەختینەیی کە پەرلەمان ناتوانێ دەستێوەردانی تێدا بکا، بەڵام دەتوانێ وزیر و پارێزگاری بانکەكەش بانگهێشت و لێپرسینەوە و ئیقالەش بکات“.

هۆشیار عەبدوڵا بەوە پاساوی بۆ بەرزكردنەوەی بەهای دۆلار هێناوەتەوە كە نووسیویەتی: ”سەرەتای گۆڕینی پارەی پێشووی عێراق بەو پارە نوێیە، ۱٠٠ دۆلار بەرامبەر بە ۱٥٠ هەزار دیاری کرابوو، دواتر بانکی ناوەندی بە فشاری فرۆشتنی دۆلار و كڕینەوەی دینارێکی زۆری رۆژانە لە نێوان ۱۱۹ هەزار بۆ ۱۲۱ و ۱۲۲ هەزار رایگرت، ئەمجارە دەیانەوێ لەم نرخە نوێیە رایگرن و لەگەڵیدا كۆمەڵێك رێوشوێنیتر بگرنە بەر، هەموو ئەوانەش لەپێناوی ئەوەدایە ئابووریی عێراق و دینارەکەی تووشیی داڕوخان نەبێ و یەدەگی عێراق بپارێزن“.

لە بەرامبەردا دەیان كەس لەوانەی نووسینەكەی هۆشیار عەبدوڵایان خوێندۆتەوە، لەو پاساوهێنانەوەیەی نیگەران بوون و هەر یەكەی بە شێوازی خۆی ڕەخنەی تا ئاستی شەرمەزاركردن لێگرتووە.

ستار ئیدریس شیلانەیی نووسیویەتی: “حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئەوەی كردبا، دنیات دەخوارد و لە قسە نەدەكەوتن، بۆچی لەوێ دوو قسە ناكەن؟ یان ناوێرن؟”.

ماهیر كاردۆخیش بۆ هۆشیار عەبدوڵای نووسیوە: “ئەی بۆ دژی ئەم هەنگاوە نەوەستای؟ یان جەماعەتی خۆتن بۆیە دژیان ناوەستی؟ تەنیا دەتوانی لە دژی كوردی بی، ئەی ئەمە تاوان نییە؟”.

هەر لە چوارچێوەی كاردانەوەكان، شێخ محەمەد كە بەكارهێنەرێكی دیكەیە، بۆ پەرلەمانتارە خۆفرۆشەكەی نووسیوە: “هەر بۆ ئەوە ئازان بشیڕێنن هەرێم و هەرێم وا، لە ئێوەمانان سووكتر و بێغیرەتتر نییە و نەبووە”.

سامان خەلانیش بە هۆشیار عەبدوڵای گوتووە: “ئەی ڕووت ڕەش بێ، داڕمان لەوە زیاتر چی؟ ئەوە حكوومەتی هەرێمی كوردستان بیكردایە دونیاتان تێدەگەیاند”.

هەر لەبارەی هەڵوێستی ئەم پەرلەمانتارانەوە، مەدحەت سلێمان، چاودێری سیاسی رایگەیاند، ئەوكاتەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی یاسای چاکسازی دەستی بە رێکخستنی دەرماڵەکان کرد، بەڵام ژمارەیەک لایەنی سیاسی و پەرلەمانتاری کوردی عێراقچی دەستیان بە موزایەدە و تەپڵلێدان لە پەرلەمان كرد و موزایدەی سیاسییان کرد دژی ئەم چاکسازییەی حکوومەت، كەچی هەمووی تەنھا موزایدە بوو لە دژی ھەوڵەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان.

ئەوەشی ڕوون كردەوە كە ئێستا لە لایەكەوە حكوومەتی عێراق بە ئاشكرا دەڵێت دەرماڵەكانی فەرمانبەران دەبڕێت، لەولاشەوە لە ڕێی دەستكاریكردنی بەهای دۆلارەوە هێندەی دیكە توانای شتكڕینی مووچەخۆران كەم دەكاتەوە، كەچی ئەو پەرلەمانتار و تاقم و لایەنانەی هەمیشە بەرامبەر بە كوردستان موزایەدە دەكەن، ئێستا بێدەنگن یانیش پاساویان بۆ دێننەوە، ”بۆچی ناچن لە پەرلەمانی عێراق دەست بە تەپڵلێدان بكەن ئەگەر هێندە بوێرییان هەیە؟“.












باسنیوز



Top