هاووڵاتییانی كەركووك بەهۆی كەمیی كارەبا و نەبوونی خزمەتگوزاری گرد بوونەوە
لەمبارەوە محەمەد مەحموود: "بەشداربوویەكی گردبوونەوەكەی ئەمڕۆی كەركووك، ڕایگەیاند: "بۆمان دەركەوتووە كە ئیدارەی ئێستای كەركووك بە ئەنقەست كار بۆ ئەوە ناكات كە كاتژمێرەكانی پێدانی كارەبای نیشتمانی لە كەركووك زیاد بكرێت و بەڕاستی خەڵك بەهۆی كەمیی پێدانی كارەباوە دەناڵێنێت، بەتایبەت كاسبكاران كە رۆژانە پێویستیان بە كارەبایە بۆ كارەكانیان، لە بەرامبەردا نرخی ئەمپێری کارەبای مۆلیدە لە كەركووك زۆرە و تەنیا چەند كاتژمێرێكیش كاری پێ دەكەن".
ئەو هاووڵاتییە گوتیشی: "كەركووك لە زۆر ڕووەوە پەراوێز خراوە، بەتایبەت لە بابەتی كەمبوونەوەی پێدانی كارەبای نیشتمانی، هەروەها خزمەتگوزارییە سەرەتاییەكان لە شارەكە وەك پێویست نین، بۆیە سازدانی ئەو گردبوونەویە بۆ ئەوەیە كە بە دەسەڵاتی كەركووك بڵێین خەڵك ناڕازییە لەم دۆخە ناجێگیرە و دەبێت كار بكرێت بۆ ئەوەی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەكان بۆ خەڵك فەراهەم بكەن".
بڕیارە سبەی دووشەممە ٢١ی١٢ی٢٠٢٠ گرووپی شەقام لە كەركووك لە نزیك باڵاخانەی پارێزگا هەر لەدژی كەمیی كارەبای نشیتمانی لە كەركووك خۆپیشاندانێكی جەماوەری بەڕێوە بەرن، چونکە ئێستا كارەبای نیشتمانی لە کەرکووک لە شەو رۆژێكدا كەم بووەتەوە و بووە بە چوار كاتژمێر".
باسنیوز
