سەرکردایەتیی هەسەدە و سوپای رووسیا و رژێمی سووریا کۆ دەبنەوە
بڕیارە ئەمڕۆ یەکشەممە 20-12-2020، سەرکردایەتیی هەسەدە و سوپای رووسیا لەبارەی چارەنووسی شارۆچکەی عەین عیسا، کۆ ببنەوە.
چەند رۆژێکە میلیشیا چەکدارییە سوورییەکانی سەر بە تورکیا عەین عیسا بۆردومان دەکەن و بەپێی گرتەیەکی ڤیدیۆییش، کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاویان کردووەتەوە، دەستیان بە هێرش بۆ سەر ئەو شارۆچکەیە، کردووە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە رۆژئاوای کوردستانەوە رایگەیاند، ئەمڕۆ سەرکردایەتیی هەسەدە و سوپای رووسیا بە ئامادەبوونی نوێنەری رژێمی سووریا، کۆ دەبنەوە.
سوپای رووسیا لە کۆبوونەوەکەدا، داوای وەڵامی پێشنیازی پێشووی لە هەسەدە دەکات، کە داوای لە هەسەدە کردبوو بۆ دوورخستنەوەی عەین عیسا لە داگیرکاریی گرووپەکانی سەر بە تورکیا، ئەو شارۆچکەیە رادەستی رژێمی سووریا بکاتەوە.
بە گوتەی ئەو سەرچاوەیە، هەسەدە لەو کۆبوونەوەیەدا هەڵوێستی خۆی لەبارەی رادەستکردنەوەی عەین عیسا بە رژێمی سووریا ئاشکرا دەکات.
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەش کرد، کە جۆرە رێککەوتنێک لەنێوان تورکیا، رووسیا و رژێمی سووریا هەیە بۆ ئەوەی گوشار بخەنە سەر هەسەدە، تاوەکو عەین عیسا رادەستی رژێمی سووریا بکاتەوە و سەرقاڵیی ئەمریکاشیان بە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی، بە هەل زانیوە.
باسنیوز
