چوارقوڕنه‌.. نه‌خۆشخانه‌ی نه‌خۆشییه‌ گوازراوه‌كان كرایه‌وه‌

چوارقوڕنه‌.. نه‌خۆشخانه‌ی نه‌خۆشییه‌ گوازراوه‌كان كرایه‌وه‌
نەخۆشخانەی ژیان لە شارەدێی چوارقوڕنەی سەر بە ئیدارەی راپەڕین بۆ چارەسەری نەخۆشییە گوازراوەکان, کە پێکھاتووە لە نەخۆشخانەیەکی 100 قەرەوێڵەیی، کارەکانی بەکۆتاھات و ڕادەستی وەزارەتی تەندرووستی کرا تاکو بخرێتە خزمەت ھاوڵاتیان. نەخۆشخانەکە لەسەر ئەرکی دەوڵەمەندان و کەسانی خێرخواز درووستکراوە و تەنھا بینایەی نەخۆشخانەکە یەک ملیار و 100 ملیۆن دیناری بۆ تەرخان کراوە. نەخۆشخانەکە بەشێوازێکی مۆدێرن و کواڵێتی بەرز درووستکراوە.

دەستپێکی بونیاتنانی نەخۆشخانە 100 قەرەوێڵەییەكە بۆ ھەشت مانگ بەر لە ئەمڕۆ دەگەڕێتەوە کاتێک ڤایرۆسی کۆرۆنا لە سەرەتای تەشەنەکردنی بوو لە کوردستان. پڕۆژەکە خێرخواز و کەسانی دەوڵەمەند دەستیان دایە وەک دەستگیرۆیی حکومەت لە رووبەڕووبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا.

دوای ھەشت مانگ نەخۆشخانەیەک کە پێکھاتووە لە 100 ژوور، كە بەتەواوی پێداویستیە پزیشکیەکانی تەواوکرا و ڕادەستی وەزارەتی تەندرووستی کرا تا بخرێتە خزمەت ھاووڵاتیان.

نەخۆشخانەکە چوار ھۆڵی نەشتەرگەری و یەکەیەکی فریاکەوتنی 10 قەرەوێڵەیی و 90 ژووری نەخۆشی تاک پێکھاتووە، ھەر نەخۆشێک لەژوورێک دەخرێتە ژێرچاودێری، بەرپرسانی تەندرووستی پلانیان ھەیە بۆ نەخۆشانی چاودێری چڕ و نەخۆشانی ھەناوی و مێشک و دەمار سودی لێ وەربگرن.

نەخۆشخانەی ژیان بۆ نەخۆشیە گواستراوەکان بە کواڵێتیەکی بەرز درووستکراوە. سەرەتا پلانی خێرخوازان بۆ نەخۆشخانەیەکی بچووک بوو کە بتوانرێت لەماوەیەکی کەمدا نەخۆشانی کۆرۆنای لێ چارەسەر بکرێ، دواتر بەدەنگەوە ھاتن و زۆری ھاوکاری خێرخوازان پلانەکەی گۆڕی بۆ نەخۆشخانەیەکی 100 قەرەوێڵەیی، کە بتوانرێ بۆ دوایی کۆرۆناش سوودی لێ ببینرێت.


k24 -
Top