بۆ پشووەکانی سەری ساڵ 80٪ی شوێنە گەشتیارییەکانی سۆران بە کرێ گیراون

بۆ پشووەکانی سەری ساڵ 80٪ی شوێنە گەشتیارییەکانی سۆران بە کرێ گیراون
خەڵکێکی زۆر هەر لە ئێستاوە بۆ پشووەکانی سەری ساڵی نوێ 2021 شوێنە گەشتیارییەکانیان بە کرێ گرتوون. ئەوانەی گەشتیارن و لە ناوەڕاست و خوارووی عێراقەوە دێنە هەرێمی کوردستان زیاتر حەز بەو شوێنانە دەکەن کە بەفریان لێ دەبارێت.

بەفر و نزیکبوونەوە لە سەری ساڵی 2021 جووڵەی خستووەتەوە کەرتی گەشتیاریی ناوچە کوێستانییەکانی باشووری کوردستان، 80٪ی شوێنی مانەوەی گەشتیاران گیراون و زۆربەی کارمەندانی ناوچە گەشتیارییەکانیش چوونەتەوە سەر کارەکانیان.

بەراورد بە ساڵانی رابردوو ئەمساڵ بەفر کەمتر باریوە. لە سنووری پارێزگای هەولێر لە ناوچە کوێستانییەکان نەبێت بەفر نییە، بۆیە کۆمپانیاکان بۆ راکێشانی گەشتیار حاجی ئۆمەرانیان کردووەتە وێستگەێکی گەشتەکانیان.

حەبیب فارووق، مەندووبی کۆمپانیای گەشتیارییە و دەڵێت: "بەهۆی بەفرەوە گرووپە گەشتیارییەکان دەهێنینە حاجی ئۆمەران. لە رۆژی سێیەمیشدا دەچینە شوێنە گەشتیارییەکانی ئاکرێ."

لە حاجی ئۆمەران نزیککەوتنەوە لە قەڵا سەربازیەکانی ئێران ناپەسەندە. گەشتیارانیش کەسانی شارەزا و رێبەریان لەگەڵدا نییە.

هێمن بایز، خاوەنی ناوچەی گەشتیارییە و دەڵێت: "50 کۆمپانیای گەشتیاری لە ناوەڕاست و خوارووی عێراقەوە بۆ حاجی ئۆمەران دێنن، بەڵام ناشارەزان و رێبەریان لەگەڵ نییە و نزیک قەڵا سەربازییەکانی ئێرانیش ترسناکە و تەقەیان لێدەکەن."

لە دەڤەری سۆران شوێنی حەوانەوەی زیاتر لە سێ هەزار گەشتیار هەیە، نزیکەی 500 کەس لەو کەرتەدا کار دەکەن.

چیا محەممەد، بەرپرسی بنکەی گەشتوگوزاری رواندز راگەیاند: "کۆرۆنا زۆربەی کارمەندەکانی بێکار کردبوو. ئێستا هەموویان بانگ کراونەتەوە. بۆ سەری ساڵ ئاهەنگ و یاد دەکرێنەوە و زۆربەی ناوچە گەشتیارییەکان گیراون."

جگە لە گەشتیار، رۆژانی پشوو سەردانیکەری زۆریش بۆ یارییە بەفرینەکان روو لە کوێستان و ناوچە بەفراوییەکان دەکەن.
rudaw -
Top