سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان: ئاڵای كوردستان سیمبوڵی قوربانیدان و گیانبه‌ختكردن و سه‌رفرازیی هه‌میشه‌ییه
سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مانی كوردستان، به‌بۆنه‌ی ڕۆژی ئاڵای كوردستان، كه 12ـی كانوونی یه‌كه‌مه، ڕاگه‌یاندراوێكی بڵاو كرده‌وه و ئاماژه‌ی به‌وه كرد كه ئاڵای كوردستان سیمبوڵی قوربانیدان و گیانبه‌ختكردن و سه‌رفرازی هه‌میشه‌ییه.
ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه 17/12/2020، سەرۆکایەتیی پەرلەمان بۆ ڕۆژی ئاڵای کوردستان ڕاگه‌یاندراوێكی بڵاو كرده‌وه و تێیدا وێڕای پیرۆزباییكردن به بۆنه‌ی رۆژی ئاڵای كوردستانه‌وه لەهەموو کوردستانییان و ڕێبوارانی ڕێگای ئەو ئاڵایە، ئاماژه به‌وه‌ش كراوه "ئاڵاکەمان سیمبوڵی قوربانیدان و گیانبەختکردن و سەرفرازیی هەمیشەییە، پێویستە بۆ بە بەرزی شەکاندنەوەی هەرگیز سڵ لە هیچ قوربانیدانێک نەکەینەوە."
له راگه‌یاندراوه‌كه‌دا، هێما بۆ ئه‌وه‌ش كراوه، كه پەرلەمانی کوردستان لە سۆنگەی بەرز ڕاگرتن و چاندنی تۆوی خۆشەویستی و ئینتیما بۆ ئاڵا، بەبڕیاری ژمارە 48 لە 19/6/2004 بڕیاریداوە ڕۆژی 17\12ی هەموو ساڵێک بەڕۆژی ئاڵا دیاری بکات، بۆئەوەی نەوەکان و رۆڵەکانی ئەم گەلە بەرزیی ئاڵاکەیان لەبیرنەکەن و تێ‌بکۆشن لەپێناو بەرز هێشتنەوەی.
هه‌روه‌ها له راگه‌یاندراوه‌كه‌دا، دووپات كراوه‌ته‌وه، كه ئاڵای کوردستان ڕەمزی قەوارەی هەرێمی کوردستانە و لە دەستووری هەمیشەیی عێراق دانی پێدانراوە، ئەو قەوارەیە بەری ڕەنج و خەبات و قوربانیدانی خەڵکی کوردستانە و موڵکی تایبەتی هیچ کەس و لایەن و ئایدۆلۆژیایەکی دیاریکراو نییە، پاراستنی ئەو قەوارە دەستوورییە دەبێت كارى له‌پێشینه‌ی هەموو لایەک بێت.
جەخت لەوەش كراوه‌ته‌وه، کە کوردستان لەهەموو کاتێک زیاتر پێویستیی بەتەبایی ناوخۆیی و گیانی برایەتی و لێکتێگەیشتن و لێبووردەیی و کاری پێکەوەیی لەچوارچێوەی پرەنسیپە دیموکراسییەکان و یاسا بەرکارەکاندا هه‌یه، چونکە "هەموومان لەیەک کەشتیداین و پەرتەوازەیی و ڕق و توندوتیژی دەبێتەهۆی پێدانی بیانوو بۆ دواخستنی ئەو چاکسازییە ڕیشەییەی کە کوردستان پێویستییەتی و ئاڵۆزکردنی دۆخەکە، به‌جۆرێك ده‌بێته هۆی بەفیڕۆدانی بەرهەمی خوێنی شەهیدان و ئەنفالكراوان و کیمیاباران".
هه‌روه‌ها سه‌رنج خراوه‌ته سه‌ر ئه‌وه‌ی، لەم ڕۆژەشدا پیرۆزبایی رۆژی دایکان لەهەموو دایکانی کوردستان دەکەن، "دەستی دایکانی شەهیدان ماچ دەکەین، خوازیارین دایكان رۆڵەکانیان بەگیانێکی نیشتمانی و لێبووردەیی و خۆشه‌ویستنی پیرۆزییەکان وپێداگری وداكۆكی له‌سه‌ر ماف و ئازادییه گشتیه‌كان گەورە بکەن".
باسنيوز
