بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای هەولێر: رۆژانە 14 بۆ 15 کاژێر کارەبا دەدەین
یەحیا سەردار، خاوەنی سەرتاشخانە دەڵێت، بەهۆی نەبوونی کارەباوە خەڵک لێیان دابڕاون و ئیشیان لاواز بووە. سالار ئیسماعیل دووکاندارە و دەڵێت "دوو ئامێرم سووتاوە، یەکێکیان بە 2200 دۆلارە و ئەوی دیکەشیان بە 2500 دۆلارە. کارەبا هەر دێت و دەڕوات و ئیشوکاری تێکداوین".
بەهیە محەممەد، کابانی ماڵە و لەبارەی کارەباوە دەڵێت "کاژێرێک دێت، دوو کاژێر دەڕوات، هەر دێت و دەبڕێت، ئەوە کەی حاڵە!"
پێویستیی کارەبای هەرێمی کوردستان رۆژانە لەنێوان 5500 بۆ 6000 مێگاواتە. بەهۆی بەکارهێنانی ئامێرە کارەباییەکان بۆ گەرمکردنەوە لە وەرزی زستاندا بۆ سەرووی 6500 مێگاوات بەرزدەبێتەوە. بە گوتەی بەرپرسانی کەرتی کارەبا بەرهەمهێنانی کارەبا کەمی نەکردووە، بەڵکو خواست لەسەر کارەبا زۆر بووە، ئەوەش هۆکاری سەرەکیی کەمبوونی کاژێرەکانی پێدانی کارەبایە.
ئومێد ئەحمەد، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا دەڵێت "کێشە تەنیا کەمیی بەرهەم نییە، کێشەی ئۆڤەرلۆد و فیدەرەکانە، هەروەها باشکردنی دۆخی کارەبا تێچوویەکی زۆری دەوێت کە ئەوەش لە دەسەڵاتی ئێمە نییە".
حسێن حەمەد، بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای پارێزگای هەولێریش دەڵێت "رۆژانە 14 بۆ 15 کاژێر کارەبا دەدەین کە بەهۆی زۆربوونی لۆد لەسە کارەبا لە وەرزی زستاندا ئاوا دابەزیوە".
لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە یەک ملیۆن و 500 هەزار هاوبەشی کارەبا هەن؛ لە کارەبای بەرهەمهاتوو لە هەرێمی کوردستان پشکی پارێزگای هەولێر نزیکەی 42%، پارێزگای سلێمانی نزیکەی 33.5% و پارێزگای دهۆکیش 24.5%ـە. لە چوار مانگی رابردوودا کاژێرەکانی کارەبای نیشتمانی تاوەکو 21 کاژێر بەرزبووەوە، بەڵام لەگەڵ هاتنی وەرزی سەرما کارەبای نیشتمانی بۆ 14 تا 15 کاژێر دابەزیوە.
rudaw -
