كێڵگه‌ نه‌وتییه‌كانی كه‌ركووك پارێزراو نین

كێڵگه‌ نه‌وتییه‌كانی كه‌ركووك پارێزراو نین
وێڕای بوونی سەدان چەکدار و ھێزی جۆراوجۆر لە کەرکووك، تاکو ئێستا نەتوانراوە كێڵگە نەوتییەکان لە ھەڕەشەی تیرۆریستی پارێزراو بن.

سەرۆکی لیژنەی نەوت و وزە لە پەرلەمانی عێراق لە کەرکووکەوە رایگه‌یاند، بۆشایی ئەمنی لە شارەکە ھەیە و ھێزە ئەمنییەکان لە پاراستنی ئەمنیەتی کێڵگە نەوتییەکان کەمتەرخەمن.

ماوەی ھەفتەییەکە، (2) بیرە نەوتی کێڵگەی خەبازە تەقێنراوەتەوە و زیانی رۆژانەی تا (2) ھەزار بەرمیل نەوتە.

لەدوای (16ی ئۆکتوبەر)ەوە، ھیچ کێڵگەیەکی نەوتی لە سنووری کەرکووك، لە ھەڕەشەی گرووپە چەکدارەکان پارێزراونەبووە.

لەماوەی یەك مانگدا، (3) جار ھێرشکراوەتە سەر کێڵگەی خەبازە لە باشووری کەرکووك.

ھیبەت حه‌لبوسی، سەرۆکی لێژنەی نەوت و وزە لە پەرلەمانی عێراق راگه‌یاند، " بە روونی دیارە بۆشایی ئەمنی ھەیە، ھەفتەی داھاتوو فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکووك و بەرپرسانی ئەمنی لە ھەواڵگری و ھێزەکانی دیکە بانگێشتی پەرلەمان دەکرێن، بۆ دانانی پلانێکی تۆکمە تا کردە تیرۆریستییەکان دووبارە نەبێتەوە".

له‌باره‌ی رێكاره‌ ئه‌منییه‌كانی كه‌ركووك، رێبوار تەھا، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق گوتی: "بۆ ئه‌و رێكاره‌ ئه‌منییانه‌، پۆلیسی نه‌وتمان له‌ كه‌ركووك هه‌یه‌، ئه‌وان به‌رده‌وامن، بۆ ئه‌و بۆشاییه‌ ئه‌منییه‌ی هه‌یه‌، ده‌كرێت هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی دیكه‌ بكه‌ن، تا‌ بیره‌ نه‌وتییه‌كانی كه‌ركووك نه‌كرێنه‌ ئامانجی تیرۆرستان".

ھێزە ئەمنییەکانی سنوورەکە ناتوانن کێڵگە نەوتییەکان لەھەڕەشەی گرووپە چەکدارەکان بپارێزن و رێگه‌ لە بەقاچاغبردنی نەوت بگرن.

حزبەکانی کەرکووك، ئاگاداری دۆسیه‌ی بەتاڵانبردنی نەوتی شارەکەن، ھەموو ژمارەکانیان رادەستی لایەنی پەیوەندیدار کردووە، له‌م باریه‌وه‌، حەسەن شێخانی، بەرپرسی مەڵبەندی کەرکووکی بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان گوتی: "پۆلیسی فیدراڵی چه‌ندین گرووپیان گرتووه‌، كه‌ بۆری نه‌وتیان شاكاندووه‌ و نه‌وت به‌قاچاغ ده‌به‌ن، ئه‌مه‌ ناشاردێته‌وه‌، ده‌بێت حكومه‌تی عێراق و هه‌رێم لیژنه‌یه‌كی پشكنه‌ر و چاودێر دابنێن، تا كه‌ی ئه‌م نه‌وته‌ ده‌بردرێت، كه‌ به‌ قازانجی چه‌ند كه‌سێكه‌".

رۆژانە (200) ھەزار بەرمیل نەوتی کەرکووك، دەچێتە پاڵاوگەکانەوە، بۆ پێداویستی ناوخۆیی بەکاردەھێنرێت، (100 تا 120) ھەزار بەرمیل نه‌وت ھەناردەی بەندەری جیھانی تورکی دەکرێت.
k24 -
Top