نێردەی تایبەتی ئه‌مه‌ریکا بۆ سووریا، پەیوەندی بە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە دەکات

نێردەی تایبەتی ئه‌مه‌ریکا بۆ سووریا، پەیوەندی بە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە دەکات
ئەمڕۆ دووشەممە 2020/12/14 سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە جۆیل رەیبێرن نێردەی تایبەتی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بۆ سوریا پێگەیشت.

لە پەیوەندییەکەدا، گفتوگۆ دەربارەی گۆڕانکارییەکانی دۆخی سوریا کرا . هەردوولا جەختیان لە گرنگیی هەبوونی گفتوگۆی ئاشتیانە لە نێوان لایەنە کوردییەکانی سوریا کردەوە لە پێناو پەرەدان بە ئازادی و فرەلایەنی سیاسیی و هاوبەشیکردن لە دەسەڵاتدا. هاوڕابوون لە سەر ئەوەی کە تیرۆریستانی داعش هێشتاش مایەی هەڕەشەن.

سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بە هێرشی شەوی ڕابردووی چەکدارانی پەکەکە کرد بۆ سەر هێزی پێشمەرگە لە دەڤەری ئامێدی و بە تووندی هێرشەکەی سەرکۆنە کرد. ڕوونیشیکردەوە کە لەم ماوەیەدا، سێ پێشمەرگە و کارمەندی ئاسایش، لە سەر دەستی چەکدارانی پەکەکەوە شەهید کراون. هوشداریشیدا کە ئەم هێرشانەی پەکەکە و هەوڵەکانیان بۆ دەستێوەردان و خۆخزاندنە نێو خۆپێشاندانی ئاشتییانەی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان، هەڕەشە لە سەقامگیریی ناوچەکە دەکات.

هەروەها جەختی کردەوە کە پێویستە ھێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) لە ژێر هەژمونی پەکەکە بێتە دەرەوە و نابێت چیتر ڕێگە بدرێت پەکەکە سوود لەو هاوکاریانە وەربگرن کە پێشکەشی ھەسەدە دەکرێن.
k24 -
Top