لە پەلكانە چوار ڕۆژنامەنووسی كورد لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە دەستگیر كران
لەمبارەوە، مەهدی زریان، سەرۆكی لقی كەركووكی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان, ئەمڕۆ دووشەممە ١٤ی١٢ی٢٠٢٠ ڕایگەیاند: "ئەمڕۆ چوار رۆژنامەنووسی كورد لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە لە گوندی پەلكانەی سەر بە ناحیەی سەرگەڕان لە سنووری قەزای دووبز دەستگیر كراون و ئێستاش گوندی سەرگەڕان كێشەیەكی گەورەی لەسەرە، هێزە ئەمنییەكان و عەرەبە هاوردەكان نایەنەوێ ئەو كێشەیەی كە هەیە كە بریتییە لە تەعریبكردنەوەی ناوچەكە لەڕێگای راگەیاندنەكانەوە بگوزارێتەوە و ئەو رۆژنامەنووسانەش ویستوویانە بە شێوەیەكی ئاشكرا ڕوماڵی ئەو تەعریبە بكەن."
گوتیشی: "ئێمە ئیدانەی دەستگیركردنی ئەو ڕۆژنامەنووسانە دەكەین و دیارە كە هێزە ئەمنییەكان پێشێلكاری دەكەن و ئەوەی كە ئێمە بیزانین ناوچەكە لەژێر هەڕەشەیەكی گەورە دایە لە سنوووری سەرگەڕان و تەعریب دەستی پێ كردووەتەوە.
هێزە ئەمنییە سەپێندراوەكانی سنوووری کەرکووک لە گوندی پەڵكانەن بۆ دەركردنی كوردانی گوندەكە کە لە ماڵەكانی خۆیانن و رۆژنامەنووسە كوردەكانیش بە نهێنی لە سنووری گوندەكە روماڵی ئەو تەعریبەی كە هەیە دەیكەن، بەڵام ئەمڕۆ چوار رۆژنامەنووس لەلایەن هێزە ئەمنییە سەپێندراوەكانەوە دەستگیر كراون".
بەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە ژمارەیەکی زۆری عەرەبی ھاوردە جارێکی تر بە مەبەستی داگیرکردنی گوندی پەلکانەی سەر بە ناحیەی سەرگەڕان ڕوویان ل گوندەکە کردووە.
ماوەی چەند رۆژێکە عەرەبی ھاوردە بە پاڵپشتیی ھێزە عێراقییەکان و بە نامە و نووسراوەی پاریزگاری سەپێندراوی کەرکووک چوونەتە سەر گوندی پەلکانەی سەر بە ناحیەی سەرگەڕان لە قەزای دووبزی پارێزگای کەرکووک و دەیانەوێت زەویوزار و خانووی جووتیارانی کورد بە یەکجاری داگیری بکەن و ھاووڵاتیانی گوندەکەش رێگرن لە داگیرکردنی گوندەکەیان.
کێشەی زەویوزاری ١٢ گوندی کوردان لە ناحیەی سەرگەڕانی سەر بە قەزاری دووبز، لە دوای ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠١٧ و داگیرکردنی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان لەلایەن حەشدی شەعبی و هێزە عێراقییەکانەوە، سەری هەڵداوەتەوە و بەتایبەتی لە گوندی پەلکانەی کوردان کە خاوەن زەویوزارێکی زۆرە و عەرەبی هاورد کە ساڵانی ٧٠ی زایینی بە زۆرەملێ و لە چوارچێوەی سیاسەتی تەعریبدا ئەو سنوورەیان داگیر کردبوو، ساڵی ٢٠٠٣ قەرەبوو کراونەتەوە و بە فەرمی گەڕاونەتەوە شوێنی خۆیان ئیستا دووبارە بە پاڵپشتیی هێز و میلیشیا شیعەکان و پارێزگاری سەپێندراوی کەرکووک بەتەمای داگیرکردنەوەی زەویوزاری کوردانن کە بە بەڵگەی فەرمی و بە تاپۆ خاوەنی راستەقینەی ئەو زەوی و خاکەن.
باسنیوز
