سەرپەرشتیارێكی پەروەردەیی: لە عێراق زمانی كوردی لە ناوەندەكانی خوێندن فەرامۆش كراوە
بەپێی نووسراوێكی بەڕێوەبەرایەتیی گشتی خوێندنی كوردی سەر بە وەزارەتی پەروەردەی حكوومەتی عێراق كە تێیدا ئاراستە بەڕێوەبەرایەتییەكانی پەروەردە لە پارێزگاكانی عێراق كراوە و ئاماژە بەوە دەدات كە مادەی وانەی زمانی كوردی لە قۆناخەكانی چوارەم و پێنجەمی ئامادەیی و ئامادەییە پیشەییەكان و پەیمانگەی هونەرە جوانەكان بگوترێتەوە.
ئەوەش خراوەتە ڕوو: "بەڕێوبەری بەشەكانی پەروەردە لە شار و شارۆچكەكان بەرپرسیارێتیی چاودێری ئەو بابەتە بكەن، هەروەها داوا دەكەین كە ناوی ئەو قوتابخانانەمان بۆ ڕەوان بكەن كە ماددەی زمانی كوردی تێیاندا دەخوێندرێت بۆ ئەوەی ئاماری ئەو قوتابخانانە بزانین كە پابەندن بە گوتنەوەی وانەی زمانی كوردییەوە و رێكاری پێویست دەگرینە بەر ئەگەر ئەو بڕیارە جێبەجێ نەكرێت".
لەمبارەوە ئەمڕۆ دووشەممە 14/12/2020، ئەسعەد عەزیز، سەرپەرشتیاری پەروەردەیی لە كەركووك، ڕایگەیاند: "لە بەشێك لە شارەكانی عێراق وانەی زمانی كوردی لە قوناخەكانی چوارەم و پێنجەمی ئامادەیی دەخوێندرێت، بەڵام وانەكە كراوەتە وانەیەكی لاوەكی و ئێستا بەهۆی كەمیی مامۆستای خوێندنی زمانی كوردی تەنانەت لە بەشی زۆری قوتابخانەكانی شاری كەركووكیش ئەوانەی كە خوێندن تێیاندا عەرەبییە، ئەو وانەیە ناگوترێتەوە و شارەكانی تریش بەهەمان شێوە".
گوتیشی: "سەرباری ئەوەی مادەی كوردی لە ناوەندەكانی خوێندن وەك پێویست ناخوێندرێت، بەڵام دەخرێتە خشتەی تاقیكردنەوەكانیش و هەر هەمان سیستەمی وانەكانی تریشەوە، بەڵام وانەی كوردی بەگشتی لە عێراق فەرامۆش كراوە و گلەیی ئەوەش لەسەر بەڕێوەبەرایەتی گشتی خوێندنی كوردی لە بەغدا هەیە كە زۆر بەبایەخەوە كاریان لەسەر ئەوە نەكردووە كە ئەو وانەیە گرنگی پێ بدرێت لە ناوەندەكانی خوێندن".
روونیشی كردەوە: "ئێمە لە كۆنگرەی زمانی كوردی لە بەغدا بەڕێوەبەری خوێندنی كوردی بەسرەمان بینی كە ئەو تكای دەكرد لە كۆنگرەكە كە مامۆستای خوێندنی كوردی بۆ پەیدا بكەن كە مامۆستای زۆر كەمە ئیتر شارەكانی تری عێراقیش بەهەمان شێوەیە".
باسنیوز
