پەکەکە خۆی بە حەشدی شەعبییەوە گرێ داوە تاکوو لە شنگال بمێنێت

پەکەکە خۆی بە حەشدی شەعبییەوە گرێ داوە تاکوو لە شنگال بمێنێت
ئەندامێکی فەرماندەیی پێشمەرگەی کوردستان لە شنگال ئاشکرای کرد کە ئێران فشار دەخاتە سەر عێراق تاکوو ڕێگە نەدات حەشدی شەعبی شنگال چۆڵ بکات و گرووپەکانی سەر بە پەکەکەش بۆ ئەوەی لەناو شنگال بمێننەوە، خۆیان گرێ داوە بە میلیشیاکانی حەشدی شەعبییەوە.

لەمبارەوە قاسم دەربۆ، ئەندامی فەرماندەیی شنگالی هێزی پێشمەرگەی کوردستان،رایگەیاند: "گرفت و ئاریشەی مەزن ئێستا لە شنگال ئەوەیە، کە حەشدی شەعبی کە سەر بە ئێرانە لە شنگالە و پەکەکەش خۆی بە حەشدەوە گرێ داوە، ئەمەش بووەتە ئاریشەیەکی مەزن بۆ خەڵکی شنگال. لەلایەک حکوومەتی عێراق دەڵێت پەکەکە هێزێکی ناشەرعی و نایاساییە و دەبێ سنوورەکە چۆڵ بکات، پەکەکە بۆ خۆشی دەڵێت ئێمە سەر بە حەشدی شەعبین و شنگال چۆڵ ناکەین و ئەمەش خۆگرێدانە بە میلیشیاکانەوە".

ئەو فەرماندەیەی پێشمەرگە ئاماژەی بەوەش کرد: "لەڕاستیدا دۆخی شنگال هێندە ناخۆش بووە و چەند دوەڵەت بۆ مەرامی سیاسیی خۆیان یاریی تێدا دەکەن، بۆیە ئاڵۆزییەکی مەزن لەو سنوورە ساز بووە و پێویستە ڕەوشی شنگال ئاسایی بکرێتە، هەتا ئەو ئاریشە و گرفتانە ڕوو نەدەن".

قاسم دەربۆ ئاماژەی بەوەش کرد: "هەتا پەکەکە و حەشی شەعبی لەناو شنگال بن، هاووڵاتیانی شنگال کە ئاوارەن ناتوانن بگەڕێنەوە، خەڵکیش داواکارن هێزی پێشمەرگەی کوردستان بگەڕێتەوە شنگال و هەر کات پێشمەرگە ڕۆیشتەوە سنوورەکە، ئەوکات هەست بە ئارامی دەکەن و دەتوانن بگەڕێەوە زێدی خۆیان".

هەر ئەمڕۆ مەحما خەلیل قایمقامی شنگال، لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند: "پێویستە هەموو هێزە ناشەرعییەکان بە یەکجاری شنگال چۆڵ بکەن، بۆ ئەوەی بە فەرمی ڕێککەوتنی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال بچێتە واری جێبەجێکردنەوە".

هەرچەند بەشێک لە پۆلیسی فیدرالی گەڕاونەتەوە شنگال و حکوومەتی عێراق و پارێزگای نەینەوا بۆ دەستپێکردنی خاڵەکانی ئەو ڕێککەوتنە داوایان لە هەموو هێزە چەکدارەکان کرد لە ماوەیەکی دیاریکراودا سەنتەری شنگال چۆڵ بکەن و بارەگاکانیان ڕادەستی پۆلیسی فیدرالی بکەن، بەڵام هێشتا پەکەکە ئەو کارەی نەکردووە و سەرچاوە خۆجێیەکان باس لەوە دەکەن گرووپەکانی پەکەکە هەر لە سنوورەکە ماون و تێکەڵ بە میلیشیاکانی حەشدی شەعبی بوون و زۆربەیان لە چیای شنگالن و ئەمەش هێشتا هەر مەترسییە و خەڵکی ئاوارەی شنگال لەبەر مەترسیی ئەو گرووپە ناشەرعییانە ناوێرن بگەڕێنەوە زێدی خۆیان و هێشتا لەناو کەمپەکانی سنووری پارێزگای دهۆکدا دەژین.













باسنیوز


Top