په‌رله‌مانتارێکی یه‌کێتی: ده‌بێ په‌که‌که داوای لێبووردنمان لێ بكات
باڵانبۆ محەمەد، ئەندامی فراكسیۆنی یه‌کێتیی نیشتمانیی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند: ”ئه‌گه‌ر ڕەوشەكە كۆنتڕۆڵ نه‌کرایه، کاریگه‌ری له‌سه‌ر ئابووریی سلێمانی ده‌بوو و وه‌به‌رهێن له شوێنێكدا سه‌رمایه‌گوزاری ده‌کات که ئارام بێت“.
ڕوونیشی كردەوە، ”خەڵك دەبێت بزانێت، سه‌رمایه‌دارێک بیەوێ وه‌به‌رهێنان له سلێمانی بکات، دێت سه‌یری بارودۆخی ئه‌منیی شاره‌که دەكات، نایه‌ت سه‌رمایه‌گوزاری له شوێنێكدا بکات كە نەزانێت ئاییندەی چییە؟“.
لە ماوەی ڕابردوو، عەتا سەراوی، ئەندامی سەركردایەتیی یەكێتی بە ئاشكرا رایگەیاند كە ئەو كەسانەی كردەوەی تێكدان و هێرشبردنیان ئەنجام داوە، بەشێكیان سەر بە پەكەكە بوون.
لە بارەی ڕۆڵی پەكەكە لە كارە تێكدەرانەكانی دەڤەری سلێمانی، باڵانبۆ محەمەد گوتی: ”به هیوام ئه‌گه‌ر به ناوی په‌که‌که شتێكیان کردووه و په‌که‌که‌ش خۆی به خاوه‌ن ده‌زانێت، داوای لێبووردن بکات، ئه‌گه‌ریش ئه‌م گرووپانە سه‌ر به ئه‌وان نین، با ڕوونكردنەوە بده‌ن و بڵێن په‌یوه‌ندییان به‌وانه‌وه نییه“.
جەختیشی كردەوە: ”ئه‌گه‌ر په‌که‌که خۆیان به خاوه‌نی ئه‌و گرووپانە بكەن، به راستی هەقوایە به خۆیاندا بچنه‌وه و بیر بکه‌نه‌وه، نه‌مانی قەوارەی کوردستان بە واتای نه‌مانی ئه‌وانیش دێت، ئه‌گه‌ر خۆیان به دڵسۆز ده‌زانن، ده‌بێت پارێزه‌ری ئه‌و قەوارەیە بن“.
باس‌نیوز
