بەشیر حەداد: دواکەوتنی بودجەی 2021 دەبێتە هۆی دواکەوتنی مووچە
لە راگەیەندراوێکدا کە نووسینگەی بەشیر حەداد، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، رۆژی شەممە 2020/12/12 بڵاویکردەوە، هاتووە: "دواکەوتنی حکومەت لە ناردنی بودجەی 2021 بۆ پەرلەمان، دەبێتە هۆی دواکەوتنی پێدانی مووچەی فەرمانبەران."
دکتۆر بەشیر حەداد رایگەیاند: "پەرلەمان چاوەڕوانە حکومەت بودجە بنێرێت بۆ ئەوەی خوێندنەوەی بۆ بکات و بە تاوتوێکردن دەوڵەمەندی بکات تاوەکو دەنگی لەسەر دەدات."
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دووپاتیشی کردەوە: "دواکەوتنی بودجە لێکەوتەی نەرێنیی لەسەر دۆخی دارایی و ئابووریی عێراق دەبێت، چونکە دەبێتە هۆی دواکەوتنی پێدانی مووچەی فەرمانبەران لە چەند مانگی داهاتوودا."
رۆژی شەممە 2020/12/12 گەڕێکی کۆبوونەوەی تایبەت بە تاوتوێکردنی مووچەی فەرمانبەران و بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان لە بودجەی فیدراڵیی 2021ـی عێراق لەنێوان شاندی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و لیژنەی دارایی لە پەرلەمان لە بەغدا کۆتاییهات.
هاوکات سەمیر ھەورامی، گوتەبێژی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بە راگەیاند: "کۆبوونەوەكانی شاندی دانوستانکاری هەرێمی کوردستان لە بەغدا بەردەوامن و دواتر ئەنجامەكانیان دەخەینە روو".
لە دەقی بڕگەی تایبەت بە پشکی هەرێمی کوردستان لە یاسای پڕکردنەوەی کورتهێنانی دارایی ساڵی 2020ـدا هاتووە: "پشکی هەرێمی کوردستان لە کۆی خەرجیی راستەقینە دیاری دەکرێت، دوای گلدانەوەی خەرجییە سەروەرییەکان کە لە یاسای بودجەی 2019دا دیاریکراون، بە مەرجێک حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەند بێت بە رادەستکردنی داهاتی نەوتی هەناردەکراو لە هەرێمی کوردستانەوە، بەو بڕەی کە کۆمپانیای فرۆشتنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) دیاری دەکات، لەگەڵ رادەستکردنی داهاتە نانەوتییە فیدراڵییەکان. ئەگەر هەرێمی کوردستان پابەند نەبێت، ئەوا نابێت خەرجییەکانی بۆ رەوانە بکرێت."
rudaw -
