پەرلەمانتارێک: کۆبوونەوەکەی شاندی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق و باش و ئەرێنی بووە

پەرلەمانتارێک: کۆبوونەوەکەی شاندی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق و باش و ئەرێنی بووە
ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئاشکرای دەکات، کە کۆبوونەوەی سەرۆک وەزیران و سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و لیژنەی دارایی و وەفدی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەرێنی بووە و کۆبوونەوەیەکی باش بوو.

شیروان میرزا، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند: "کۆبوونەوەی شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرۆک وەزیران و سەرۆک پەرلەمانی عێراق ئەرێنی بووە و کۆبوونەوەیەکی باش بووە، هەردوولا پابەند بوونە بە جێبەجێکردنی مادەی 7ی یاسای پڕکردنەوەی کورتهێنانی بودجە".

ئاماژەی بەوەش دا، شاندەکەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا دەمێننەوە و کۆبوونەوەی تەکنیکی ماوە، گوتیشی: "بڕیارە ئەمڕۆ و چەند رۆژی داهاتوو لیژنەی هونەری شێواز و چۆنێتی جێبەجێکردنی ناوەرۆکی ماددەی 7ی یاسای قەرز ئامادە بکات".

شیروان میرزا، کە پەرلەمانتاری فراکسیۆنی یەکێتییە، گەشبینی خۆی نیشاندا ڕێککەوتن لە نێوان هەولێر و بەغدا بکرێ، گوتیشی: "ئومێد هەیە هەردوولا بگەنە ڕێککەوتن و کۆتایی بە دۆخی ناهەمواری مووچە خۆرانی هەرێمی کوردستان بهێندرێت".

دوانیوەڕۆى ئەمڕۆ شەممە 12ی12ی2020، شاندى حکوومەتى هەرێمى کوردستان لەگەڵ هەریەک لە مستەفا کازمى سەرۆکوەزیرانى عێراق و محەمەد حەلبوسى سەرۆکى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق کۆبوونەوە و گفتوگۆ له‌باره‌ی پابه‌ندبوون به‌ جێبه‌جێكردنی یاسای پڕكردنه‌وه‌ی كورتهێنانی دارایی كرا، كه‌ مانگی رابردوو یاساکە له‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران به‌بێ كورد تێپه‌ڕێندرا.

بەپێی راگەیاندراوێکی نووسینگەی مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەکەدا میكانیزمه‌كانی جێبه‌جێكردنی ئه‌و یاسایه‌ تاوتوێکران، به‌شێوه‌یه‌ك كه‌ له‌ دابه‌شكردنی شایسته‌ داراییه‌كان بۆ ته‌واوی ناوچه‌كانی عێراق دادپه‌روه‌ری له‌به‌رچاو بگیرێت.











باسنیوز


Top