له‌ دهۆك بە گوژمەی 33 ملیۆن دۆلار پڕۆژەیەکی ئاوی خواردنەوە کرایەوە

له‌ دهۆك بە گوژمەی 33 ملیۆن دۆلار پڕۆژەیەکی ئاوی خواردنەوە کرایەوە
پرۆژەی ئاوی فایدە لە پارێزگای دهۆک کرایەوە و وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزارى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستانیش ڕاى ده‌گه‌یه‌نێت: "پڕۆژەکە بە گوژمەی 33 ملیۆن دۆلار و لە ماوەی هه‌زار و 34 ڕۆژدا تەواو کراوە".

ئەمڕۆ پێنجشەممە 10/12/2020، بە ئامادەبوونی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، دکتۆر عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک، کلێمنس سەمنتەر، کونسوڵی گشتیی کۆماری فیدراڵیی ئەڵمانیا، ئۆلیڤەر دیکۆتیگنەس، کونسوڵی گشتیی کۆماری فەرەنسا، بەڕێوەبەرانی ڕێکخراوی GIZی ئەڵمانی، پرۆژەی ئاوی فایدە لە پارێزگای دهۆک کرایەوە، کە لەلایەن ڕێکخراوی GIZی ئەڵمانی دابین کراوە.

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار پێش کردنەوەی پڕۆژەکە لە گوتارێکدا ڕای گەیاند: "خۆشحاڵم ئەمڕۆ لە پارێزگای دهۆکی دەلال كۆ بووینەوە بۆ دەستپێکی كردنەوە و کارکردنی (پڕۆژەی ئاوی فایدەی ستراتیژی) کە لەلایەن ڕێکخراوی GIZ ئەڵمانی جێبەجێکراوە، پڕۆژەکە بە گوژمەی 33 ملیۆن دۆلار و لە ماوەی هه‌زار و 34 ڕۆژدا تەواو کراوە، ئەو كەسانەی لە چوارچێوەی ئەو پڕۆژیەدا سوودمەند دەبن، زیاتر لە 200 هه‌زار كەس دەبن و بەسەر هەشت شارەدێ و كۆمەڵگە و كەمپی ئاوارە و شوێنەکانی دیكه‌ی نیشتەجێبوون دابەش بوونە، هەر لە فایدە و كۆمەڵگەی شاریا و سەربازگەی ئازادی، تا دەگاتە هەردوو كامپی 1 و 2ی ئاوارەكانی سووریا و كامپی كەورتۆ".

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار گوتیشى: "سێکتەری ئاو لە ڕیزبەندی پێشەوەی کارەکانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاردایە و مانگانە بۆ ئەم سێکتەرە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕی زیاتر لە 12 ملیار دینار خەرج دەکات".

سەبارەت بە پلانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پەرەپێدانی پڕۆژەکانی ئاوی خواردنەوە، ساسان عه‌ونى ئاماژه‌ى به‌وه‌ دا: "دیدگای جەنابی بەڕێز مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتى هه‌رێمى كوردستان، دیدگایەكی ڕوون و ستراتیژییە بۆ پەرەپێدان و دروستکردنی ژێرخان و پڕۆژەی گەورەی ئاو و دابینكردنی ئاوی خواردنەوە بە یەكسانی بۆ هەموو هاووڵاتییان، هەر لەم چوارچێوەیەدا لە پلانماندایە زیاتر بایەخ بە پرسی ئاو بدەین و لەو شوێنانەی پێویستن نۆژەنكردنەوە بکەین و ڕێگری لە بە فیڕۆدان بکەین و زێدەڕۆیی لەسەر سامانی ئاو وەکوو سامانێکی گرنگی نیشتمانیی ڕابگرین".

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار سوپاسی رێكخراوی GIZى ئەڵمانی و هەردوو حکوومەتی ئەڵمانیا و فەڕەنسای کرد بۆ دابینکردنی بودجەی ئەو پرۆژەیەی ئاوی خواردنەوە و پێشتریش لە بواری سێكتەری ژینگەپارێزی و بایەخدان بە زیادكردنی رێژەی سەوزایی و چەند كارێكی دیكه‌ هاوكاریی دامودازگەكانی شارەوانی بوونە، هەروەها سوپاسی فەڕەنسییەکانی کرد و گوتی: "سوپاسی دۆستە فەرەنسییەکانیشمان دەکەین کە بۆ ماوەی ساڵێک ئەرکی کارەکانی چاککردنەوە و دابینکردنی پێداویستییەکانی خاوێنکردنەوە بۆ ئەم پڕۆژەیە لە ئەستۆ دەگرن"، ئه‌وه‌شى خسته‌ ڕوو: "ئەڵمانیا و فەرەنسا هەمیشە پاڵپشتی هەرێمی کوردستان بوونە".












باسنيوز



Top