دوایین ئاماری قوربانیانی خۆپێشاندانەکانی دوو رۆژی رابردوو

دوایین ئاماری قوربانیانی خۆپێشاندانەکانی دوو رۆژی رابردوو
بەپێی زانیارییەکان ، لە دوو رۆژی رابردوودا و بەهۆی دروستبوونی گرژی و ئاڵۆزی لە خۆپێشاندانەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی، هەشت خۆپێشاندەر و یەک پێشمەرگەی پارتی کوژراون.

پێنج لە خۆپێشاندەرەکان ئەمڕۆ سێشەممە 8ی کانوونی یەکەمی 2020 کوژراون، دووانیان لە سەیدسادق، دووان لە تەکیە و یەکێکیش لە دەربەندیخان بوون. بە گوتەی دیاری رەفیق، قایمقامی قەزای سەیدسادق، 54 کەس لەو سنوورە لە هێزە ئەمنییەکان برینداربوون.

لە یەکەم رۆژی خۆپێشاندانەکانیش سێ خۆپێشاندەر لە هەریەکە لە کفری، چەمچەماڵ و دەربەندیخان کوژراون.

کۆی گشتیی بریندارەکانیش 79 بریندارن کە 25یان خۆپێشاندەر و 54یان پۆلیس و هێزە ئەمنییەکانن.

چەند رۆژێکە لە ناوچە جیاجیاکانی سەر بە پارێزگای سلێمانی و ئیدارەکانی گەرمیان و راپەڕین خۆپێشاندان و ناڕەزایی بەڕێوەدەچن، بەهۆی کەوتنەوەی گرژی و ئاڵۆزییەوە ژمارەیەک خۆپێشاندەر کوژراون و برینداربوون، هاوکات پێشمەرگەیەکی پارتی کوژراوە و ژمارەیەک لە هێزە ئەمنییەکانیش برینداربوون.
rudaw -
Top