بەرپرسێکی مافی مرۆڤ: لێدانی پیاوە بەتەمەنەکە پێشێلکاری نییە بەڵکو تاوانێکی گەورەیە
ئاوات محەمەد، لێپرسراوی بەشی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی سەنتەری پەرەپێدانی دیموکراسی و مافی مرۆڤ ڕایگەیاند، لێدان و بێڕێزیکردن بە پیاوە بەتەمەنەکەی شارۆچکەی سەیدسادق تاوانێکی گەورەیە و ناتوانرێت وەکو پیشێلکاری سەیری بکرێت، چونکە ”تاوانەکە دەزگایەکی حکوومی نەیکردووە، بۆیە پێویستە ئەو کەسەی لەقەکەی لەو پیاوە بەتەمەنە داوە دەستگیر بکرێ و ڕووبەڕووی دادگا بکرێتەوە“.
ئاوات محەمەد هەروەها رایگەیاند، کۆمەڵگەی کوردی کۆمەڵگەیەکی نەرمونیان نییە، کۆمەڵگەیەکی توندوتیژە و کاتێک لەگەڵ بەرامبەر ڕووبەڕوو دەبێتەوە، تووشی ئەو حاڵەتە دەبێت.
ئەو بەرپرسەی سەنتەری پەرەپێدانی دیموکراسی و مافی مرۆڤ جەختی لەوەکردەوە، کە ئەو پیاوە سەر بەھەر لایەنێکی سیاسی بێت نابێت لێی بدرێت، بۆیە پێویستە کەسەی لەقەکەی لەپیاوەکە داوە و ھەموو ئەوکەسانەی بەشداربوون لەھێرشکردنە سەری، دەستگیربکرێن.
ئاوات محەمەد، باسی لەوەشکرد، لێدان و ئازاردانی پیاوە بەتەمەنەکەی سەیدسادق ھێندە ناخ ھەژێنە، ”یەکجار سەیرم کردووە و نەمتوانی جارێکی دیکە سەیری بکەمەوە، چونکە بەڕاستی ئەوە بێڕێزیکردنە بەمرۆڤ و بە کەرامەتی ھاووڵاتییەکی بەتەمەن“.
باسنيوز
