پەرلەمانتارانی ناڕازی داوای دانیشتنێک بەبێ سەرۆکایەتیی پەرلەمان دەکەن

پەرلەمانتارانی ناڕازی داوای دانیشتنێک بەبێ سەرۆکایەتیی پەرلەمان دەکەن
پەرلەمانتارانی ناڕازی لە پەرلەمانی کوردستان لەبارەی قەیرانی دارایی، مووچە و پرسی نەوتەوە داوای دانیشتنێکی نائاسایی پەرلەمان دەکەن و یەکێک لە پەرلەمانتارەکان دەڵێت، ئەگەر بەبێ سەرۆکایەتییش بێت، هەوڵدەدەن دانیشتنێک لەو بارەوە رێکبخەن.

سیروان بابان، پەرلەمانتاری سەربەخۆی پەرلەمانی کوردستان کە هاوکات لە پەرلەمانتارە ناڕازییەکانە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بەپێی ماددەی هەشت لە پەیرەوی ناوخۆ، سەرۆک یان سێیەکی پەرلەمانتاران دەتوانن داوای دانیشتن بکەن، "ئێمەش وەکو پەرلەمانتارانی ناڕازی ژمارەمان 37 پەرلەمانتارە و داوای دانیشتنێکی نائاسایی دەکەین."

پەرلەمانتارە ناڕازییەکان لە نووسراوێکدا کە وێنەیەکی دەست رووداو کەوتووە دەڵێن: "ئێمە ژمارەی یاسایی ئەندامانی پەرلەمانی کوردستان، بەپێی بڕگەی یەک لە ماددەی هەشتی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان، بڕیارمان دا بانگهێشتی گشت ئەندامە بەڕێزەکانی پەرلەمان بکەین بۆ دانیشتنی ژمارە یەکی نائاسایی وەرزی پاییزەی ساڵی دووەم لە خولی هەڵبژاردنی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان-عێراق، رۆژی یەکشەممە رێککەوتی 2020/12/13."

لە نووسراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوەکە دانیشتنەکە تایبەتە بە دواکەوتن و دابەشنەکردنی مووچە، رێککەوتنی نێوان هەرێمی کوردستان و ناوەند و دۆسیەی نەوت (گرێبەستی 50 ساڵە) و خاڵە سنوورییەکان بە ئامادەبوونی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزیری دارایی.

عومەر گوڵپی، پەرلەمانتاری کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، "ئێمە وەکو پەرلەمانتارانی ناڕازی گفتوگۆمان لەبارەی ئەو دانیشتنەوە کردووە و دەمانەوێت دەستەی سەرۆکایەتی بەرپرسیارێتیی ئەم قۆناخە هەڵبگرێت. هەروەها ئەگەر سەرۆکایەتیی پەرلەمان داواکەی پەسند نەکرد، دەمانەوێت دەرچەیەکیش بۆ دانیشتنەکە بدۆزینەوە."

عومەر گوڵپی ئاماژەی بەوەش دا، ئەوان وەکو پەرلەمانتارانی ناڕازی لەبارەی ئەو دانیشتنەوە تێگەشتنی هاوبەشیان هەیە، بەڵام دیار نییە ژمارەیان گۆڕانکاریی بەسەردا دێت یان نا.

هاوکات هەورامان گەچێنەیی، پەرلەمانتاری کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان بە رووداوی گوت: "تاوەکو ئێستا داواکارییەکەمان بە فەرمی نەکردووەتە یادداشت، بەدوای ئەوەدا دەگەڕێین کە ئایا دانیشتن بەبێ سەرۆکایەتی یاسایی دەبێت یان نا، بەڵام بەپێی پەیڕەو، سێیەکی پەرلەمانتاران دەتوانن سەرۆکایەتیی پەرلەمان پابەندی دانیشتن بکەن."

لەبارەی بەشداریکردنی پەرلەمانتارانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەو یادداشتەدا، کاروان گەزنەیی، پەرلەمانتاری یەکێتی بە رووداوی راگەیاند، تاوەکو ئێستا بە فەرمی یادداشتەکەیان بەدەست نەگەیشتووە، دوای گەیشتنی یادداشتەکە بە فەرمی هەڵوێستی خۆیان رادەگەیێنن.

لە دانیشتنی رۆژی 2020/11/30ـدا 37 پەرلەمانتاری ناڕازی کە لە ئۆپۆزیسیۆن و چەند پەرلەمانتارێکی یەکێتیی و گۆڕان پێکهاتبوون، بەرەیەکیان پێکهێنا و داوایان کرد پرسی دواکەوتنی مووچە بخرێتە بەرنامەی کاری دانیشتنەکەوە.

37 پەرلەمانتارەکە بە گوێرەی فراکسیۆنەکان:

فراکسیۆنی یەکێتی 9 پەرلەمانتار

فراکسیۆنی کۆمەڵ 6 پەرلەمانتار

فراکسیۆنی گۆڕان 6 پەرلەمانتار

فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی 4 پەرلەمانتار

چوار پەرلەمانتاری نەوەی نوێ

سێ پەرلەمانتاری سەربەخۆ

ئازادی یەک پەرلەمانتار لەگەڵ چەند پەرلەمانتارێکی دیکە
k24 -
Top