پەكەكە منداڵانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان دەڕفێنێت

پەكەكە منداڵانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان دەڕفێنێت
پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) لە ڕۆژهەڵاتی كوردستاندا منداڵان و مێردمنداڵان هەڵدەخەڵەتێنێت و دەیانخاتە ڕیزەكانی خۆی و لە حاڵەتی هەوڵدانی منداڵەكانیش بۆ خۆدەربازكردن، دەیانكوژێت.

بەپێی زانیارییەكان، یەكێك لە دیارترین ڕێگەكانی پێكهێنان و زیادكردنی ژمارەی هێزە چەكدارەكانی پەكەكە، لە ڕێگەی ڕفاندنی منداڵان و هەڵخەڵەتاندنیان دێت، لەم چوارچێوەیەشدا پەكەكە دەستی بە هەڵمەتێكی چڕی ڕفاندنی منداڵان لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان كردووە.

بەشێك لەو منداڵانەی لە لایەن پەكەكەوە دەڕفێندرێن، پاش ئەوەی تێدەگەن هەڵخەڵەتێندراون و لەم تەمەنە بچووكەدا بەرگەی ژیانی چەكداری ناگرن، هەوڵی خۆدەربازكردن دەدەن، بەڵام چەكدارانی پەكەكە نەك هەر ڕێیان لێدەگرن، بگرە ئەگەر بێهیوا بن لە ڕێگەگرتن لە منداڵێك، پەنا بۆ كوشتنی دەبەن.

ماوەیەك لەمەوبەر مەریەم خدر، دایكی یەكێك لەو منداڵە ڕفێندراوانە لە تۆمارێكی ڤیدیۆییدا ئاشكرای كرد، كچەكەی بەناوی ئەسرین محەمەد كە تەنیا تەمەنی ١٣ ساڵ بووە، لە لایەن چەكدارانی پارتی ژیانی ئازادیی كوردستان (پژاك) كە باڵی پەكەكەیە لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان، پاش تێپەڕبوونی دوو ساڵ بەسەر ڕفاندنیدا، هەوڵی خۆدەربازكردنی داوە، كەچی لە لایەن چەكدارانی پەكەكەوە كوژراوە.

پاش كوشتنی كچەكەی، دایكی ئەسرین لە تۆمارێكی ڤیدیۆیی بە قورگی پڕ لە گریانەوە گلەیی ئەوەی لە پەكەكە كرد كە ئەو دەرگای ماڵی خۆی بۆ لایەنگرانیان كردەوە، كەچی ئەوان كچەكەیان ڕفاند و دواتر كوشتیان.

پەكەكە هەر لە ڕۆژهەڵاتی كوردستاندا منداڵان ناڕفێنێت، بەڵكوو لە بەشەكانی دیكەی كوردستانیشدا هەمان سیاسەت دەگرێتە بەر، بەم هۆیەشەوە ناڕەزاییەكی زۆر لەنێو خەڵكیدا دروست بووە و ئەوانەی منداڵیان ڕفێندراوە، چارەنووسی منداڵەكانیان نازانن و ئەوانەشی منداڵیان هەیە، ترسی ئەوەیان لێنیشتووە كە پەكەكە منداڵەكانیان بڕفێنن. بەم هۆیەوە لە ئۆكتۆبەری ڕابردوودا ڕوانگەی سووری بۆ مافەكانی مرۆڤ (كە بارەگاكەی لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیایە)، ئاشكرای كرد، ئەوان ئاگەداری ناڕەزایەتیی بەرفرەوانی خەڵكێكی زۆری ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی پەیەدەی سەر بە پەكەكەن لە رۆژئاوای كوردستان، بە هۆی ئەوەی پەكەكە بەردەوامە لە ڕفاندنی منداڵەكانیان و دەیانكات بە چەكدار.�ڕوانگە مرۆییەكە دەڵێ پەكەكە منداڵان دەڕفێنێ و دەیانكات بە ئامێری سەربازی و شەڕیان پێدەكات، لە كاتێكدا پێویست بوو ئەم منداڵانە لە ماڵی گەرموگوڕی خۆیاندا بژین و ڕۆژانە لە قوتابخانەكاندا وەكو هەر منداڵێكی تر بخوێنن.

پێشتریش چەندانجار كوردانی ئێزدی لە شنگال ناڕەزاییان بەرامبەر بە ڕفاندنی منداڵەكانیان لە لایەن پەكەكە دەربڕیوە، لەم چوارچێوەیەشدا ڕۆژی ٣٠ی ئابی ٢٠٢٠ خۆپیشاندانێكی بەرفراوان لەسەر چیای شنگال بەڕێوە چوو كە تێیدا خۆپیشاندەران بەیاننامەیەكیان بڵاو كردەوە و داوایان كرد، پەكەكە ئەو منداڵ و ئافرەت و گەنجانەی شنگال ئازاد بكات، كە ڕفاندوونی. هەروەها داوایان كرد كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و حكوومەتی عێراقیش دەمودەست لە پێشێلكارییەكانی پەكەكە بێنە دەنگ و لەوێندەرێیان وەدەر بنێن.�لە بەیاننامەكەدا ئەوەش ئاشكرا كرا كە چەندین منداڵ و ئافرەتی كوردی ئێزدی لەلایەن پەكەكەوە رفێندراون و پێشێلكاریی گەورەیان دەرهەق كراوە، ئێستا كاتی ئەوە هاتووە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بێتە دەنگ.











باسنیوز


Top