جوان ڕۆژبه‌یانى: ڕێككه‌وتنى شنگال له‌ ڕووى ئه‌منییه‌وه‌ ناوچه‌كه‌ ده‌پارێزێ

جوان ڕۆژبه‌یانى: ڕێككه‌وتنى شنگال له‌ ڕووى ئه‌منییه‌وه‌ ناوچه‌كه‌ ده‌پارێزێ
سه‌رۆكى لێژنه‌ى ناوچه‌ كوردستانییه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى ئیداره‌ى هه‌رێم له‌ په‌رله‌مانى كوردستان، ڕاى ده‌گه‌یه‌نێت به‌ رێككه‌وتنى شنگال، سه‌رجه‌م ئه‌و هێزانه‌ى ناشه‌رعین ده‌چنه‌ ده‌ره‌وه و شنگال پارێزراو ده‌بێت و "ئه‌م ڕێككه‌وتنه‌ ده‌بێته‌ بنه‌مایه‌ك بۆ ڕێككه‌وتن له‌سه‌ر كه‌ركووك و ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی دیكه‌یش".

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 6/12/2020، جوان ڕۆژبه‌یانى، سه‌رۆكى لێژنه‌ى ناوچه‌ كوردستانییه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى ئیداره‌ی هه‌رێمى كوردستان له‌ په‌رله‌مانى كوردستان به‌ (باسنیوز)ى ڕاگه‌یاند: ڕێككه‌وتن له‌ باره‌ی شنگال و جێبه‌جێكردنى ڕێككه‌وتنه‌كه،‌ زۆر گرنگه‌،‌ به‌ تایبه‌ت كشانه‌وه‌ی په‌كه‌كه‌، "له‌ ڕووی ئه‌منییه‌وه‌ شنگال دوور له‌و هێزانه‌ پارێزراو ده‌بێت".

سه‌رنجی خسته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ش، كه‌ پابه‌ندبوون به‌و ڕێككه‌وتنه‌ی له‌ نێوان هه‌رێمی كوردستان و عێراقدا كراوه‌، ده‌بێته‌ بنه‌مایه‌ك بۆ ڕێككه‌وتن له‌سه‌ر ناوچه ‌كوردستانییه‌كانی دیكه‌ش.

رۆژبه‌یانی، ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، ئه‌و هێزه‌ ناشه‌رعییانه‌ له‌مه‌ودوا قه‌باره‌ و سه‌نگى خۆیان ده‌زانن و دڵنیا ده‌بن له‌وه‌ی له ‌هیچ هاوكێشه‌یه‌كدا شوێنیان نابێته‌وه‌.

پێشی وابوو، ئه‌م ڕێككه‌وتنه‌ى له‌باره‌ى شنگاله‌وه‌ ئه‌نجام درا، ده‌بێته‌ ده‌ستپێكێك بۆ ڕێككه‌وتن له‌سه‌ر كه‌ركووك و ئاساییكردنه‌وه‌ی شاره‌كه‌.






باسنيوز
Top