چاودێرێكی سیاسی: راست دەكەن هەولێری دەترسن دەسەڵاتتان بدەنە دەست و ئێوەش شارەكە ڕادەست بكەنەوە
لە چەند ڕۆژی رابردوودا هەندێك دەستە و تاقمی سیاسیی چەواشەكار لە ڕێگەی ئەو پەیج و گرووپ و هەژمارە چەواشەكارانەی كە هێشتا تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان پێیان نەزانیون و دایاننەخستوون، هەڵمەتێكی ڕێكخراوی تۆمەتباركردنی هەولێر و هەولێرییەكانیان دەست پێكرد.
لە بەرامبەردا تەڵعەت تاهیر هەمەدەلی، چاودێری سیاسی، لە پێگەی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووك) نووسینێكی بڵاو كردۆتەوە و ئاماژەی بەوە كرد: “دادە و برا، بە زاتی خوا ئێوە ڕاست دەکەن، هەولێری دەترسێن”.
ڕوونیشی كردۆتەوە: “دەترسێن خۆنیشاندان بکەن و ڕاپەڕن و دەسەڵاتتان بدەنە دەست، ئاخر دەترسێن شەوێک لە خەو دابن و یەکێک لێیان قیت بێتەوە و بڵێ، ئێمە (٣٨) کەسمان واژۆمان کرد هەولێر بفرۆشین، وەستا ڕەسووڵ ببێتە بەرپرسی هێزی هەولێر و بڵێ هێز بەرامبەر نەبوو و تەسلیممان کرد، ئاراس بێگ بە تەلەفون لەگەڵ ئەردۆغان بڵێ گەورەم من لەوێم، تورکیا لە هەولێر دەپارێزم، بێخەمبه. ئاڵا تاڵەبانی بڵێ من ئەسەدیم و ئیتر بەغدا مەعاشاتی سنووری هەولێر دەنێرێ و نەشنێرێ”.
ئەو چاودێرە جەختی كردۆتەوە، هەولێر دەترسێت بەرپرسی شار به سەدان ملیۆن دۆلار ببێتە ئەدمینی پەیجی ساختەی وەک ئەحول و قشتۆ و ناس و کاس بە ناوی زانیارییەوە لە فەیسبووک و دونیا حەیامان بچێت. هەروەك نووسیویەتی: “دەترسێت دوگ و هێلکە و جگەریشیان نەمێنێت، هەمووی ئاودیو بکرێ. دەترسێت ڕۆژنامەنووس و چالاکوانە سەربەخۆکانی هەولێر لە ڕاستەوخۆ دوای تەقەکردن لە خەڵک بڵێن، ئاخر قوربانی ئەو چاوەجوانانەت بم کاک.…. دەترسێت دیسان تەلەفزیۆنی گەلی کوردستان لە مانشێت بنووسێت، حەشدی شەعبی گەیشتە هەولێر، بنەماڵە بەرەو تورکیا ڕایانکرد، هەولێر گیرا”.
تەڵعەت تاهیر دووپاتی كردۆتەوە: “هەولێری ترسی هەیە کەناڵە سەربەخۆکان دیسان بە مایکەوە پێش دەبابە بکەون و بنووسن: هەولێر گیرا، داعش گەیشتە ناوەڕاستی شار. دەترسێت لێیان بدەن و دواتر هاوڕێ مەلا ستار بێت و بڵێ ئەو هێزەی لێیاندان، هی ئێمە نەبوو! هەولێر دەمێکە ئەو قۆناغانەی تێپەڕاندووە”.
باسنيوز
