لە دوو هەرێمی ئەفغانستان ٩١ چەکداری تاڵیبان کوژران

لە دوو هەرێمی ئەفغانستان ٩١ چەکداری تاڵیبان کوژران
بە گوتەی فەرماندەی پۆلیسی هەرێمی قەندهاری ئەفغانستان لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا، ٧٣ چەکداری تاڵیبان لە ئۆپەراسۆنی هێزە ئەمنییەکاندا لەو سنوورە کوژراون هاوکات ١٨ چەکداری دیکەش بەهۆی هێرشی ئاسمانیی ئەمریکاوە لە هەرێمی هیلمەند کوژراون.

لەمبارەوە ئەمڕۆ شەممە ٥ی١٢ی٢٠٢٠ ماڵپەڕی (ئۆفوق)ی ئەفغانستان بە پشتبەستن بە زانیارییەکانی پۆلیسی هەرێمی قەندهار بڵاوی کردووەتەوە، لە ناوچەی "خەبیری"ی سەر بە قەندهار لە ئۆپەراسیۆنێکدا ٢٨ چەکداری تاڵیبان کوژراون و هەشت کەسی دیکەش بریندار بوون.

هەمان سەرچاوە ئاماژەی بەوەش کردووە لەو ئۆپەراسیۆنەدا چەندین بۆمب و مینی چێندراو پووچەڵ کراونەتەوە و کۆمەڵێک چەک و تەقەمەنیی گرووپی تاڵیبانیش لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئەفغانستانەوە دەستیان بەسەردا گیراوە.

هاوکات هەر لە ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا لە ناوچەی "دند"ی سەر بە قەندهار لە ئۆپەراسیۆنێکی دیکەدا ٤٥ چەکداری تاڵیبان کوژراون و حەوت چەکداری دیکەش بریندار بوون.

بەپێی زانیاریی سەرچاوە ئەمنییەکانی ئەفغانستان ئۆپەراسیۆن لەدژی چەکدارانی تاڵیبان لە چەند هەرێمی باشووری ئەو وڵاتە بەردەوامە.

هاوکات قاری یووسف ئەحمەدی، گوتەبێژی گرووپی تاڵیبانیش بە بڵاوکردنەوەی راگەیەندراوێک ئاشکرای کردووە لە ناوچەی (نادعەلی)ی سەر بە هەرێمی هیلمەندی ئەو وڵاتە لە ئەنجامی بۆردومانی ئاسمانیی هێزەکانی ئەمریکا ١٨ چەکداری تاڵیبان کوژراون.

شەڕ و پێکدادانی نێوان تاڵیبان و هێزە ئەمنییەکانی ئەفغانستان لە کاتێکدا پەرەی سەندووە کە لە دوو مانگی ڕابردوودا بە نێوبژیوانیی ئەمریکا و قەتەر هەردوولا لە دەوحەی پایتەختی قەتەر چەندین گەڕی دانوستانیان بەمەبەستی ئاشتی و سەقامگیریی ئەمنی و کۆتاییهێنان بە شەڕی ناوخۆیی لەو وڵاتە بەڕێوە بردووە.












باسنيوز

Top