جووتیارێكی هه‌ولێر 500 دار میوه‌ی كاكی به‌رهه‌م ده‌هێنێت

جووتیارێكی هه‌ولێر 500 دار میوه‌ی كاكی به‌رهه‌م ده‌هێنێت
جووتیارێك لە ھەولێر بە ھاوكاری ھاوژین و منداڵەكانی 500 دارى ميوه‌ی كاكی یاخود خورماڵوی بەرھەمھێناوە، ئەگەرچی میوەكە لای كورد بەباشی نەسراوە، بەڵام میوەیەكی بەتام و بەسوودە، ئێستاش كە وەرزی پێگەیشتنییەتی، رۆژانە بەھەرەوەزی میوەكە بۆ بازاڕ ئامادە دەكەن، كاكی رەنگەکەی پرتەقاڵیە و لە تەماتە دەچێت، وەکو میوەش بە کاڵی دەخورێت و لە ئاماده‌كردنی زۆر خواردن و شیرنیشدا بەکاردێت.

عارف عوسمان بێدارۆنی ئه‌و جووتیاره‌یه‌ كه‌ خۆی ئەندازیاری شارستانییه‌، بەڵام ماوەی چەند ساڵێكە دەستی بە چاندنی میوەی كاكی كردووە، كێڵگەیەكی له‌سه‌ر ڕووبەری 4 دۆنم بەم میوە دەگمەنەی چاندووە و ده‌ڵێت: له‌ ساڵی 2013ـه‌وه‌ ئه‌و باخه‌ی داناوه‌ و دوو جۆر له‌و میوه‌یه‌ له‌ باخه‌كه‌یدا هه‌ن، یه‌كیكیان ژاپۆنی و ئه‌وی دیكه‌شیان ئێرانییه‌، گوتیشی: دوای سێ ساڵ له‌ چاندنی، ئه‌و جۆره‌ میوه‌یه‌ به‌رهه‌مه‌كه‌ی پێده‌گات.

مانگی شوبات وه‌رزی چاندنی داری كاكییه‌ و لە سەرەتای وەرزی پایز به‌رهه‌مه‌كه‌ی پێدەگات، له‌كاتێكدا كه‌ ئێستا كاتی پێگەیشتنییەتی، ئه‌و جووتیاره‌ رۆژانە نزیكەی تۆنێك له‌ به‌رهه‌مه‌كه‌ی ره‌وانه‌ی بازاڕ ده‌كات و ده‌شڵێت: پێشتر خه‌ڵكی ئاشنایه‌تییان له‌گه‌ڵ ئه‌و جۆره‌ میوه‌یه‌ نه‌بووه‌ و وه‌ك ته‌ماته‌ سه‌یریان كردووه‌، به‌ڵام له‌ڕاستیدا جیاوازه‌ و تامێكی خۆش و سوودێكی باشی هه‌یه‌.

ھاوسەر و منداڵەكانی ھاوكاری عارف دەكەن، رۆژانە بەیەوەكەوە بەرھەمەكه‌یان بۆ بازاڕ ئامادە دەكەن و وەكو سەرچاوەیەكی داھاتیش سەیری میوەكە دەكەن، عه‌نیفه‌ سه‌عدیش كه‌ هاوسه‌ری عارفه‌ ده‌ڵێت: منداڵه‌كانم له‌ زانكۆ ده‌خوێنن، به‌ڵام له‌به‌ڕێوه‌بردن و رنینه‌وه‌ی باخه‌كه‌ هه‌موومان هاوكاری یه‌كتر ده‌كه‌ین.

میوه‌ی كاكی رەنگی لە پرتەقاڵ و شێوەی لە تەماتە دەچێت، بەڵام لەڕووی تام و پێكھاتەكانیەوە تەواو جیاوازە. تەمەنی كاكی لە نێوان 50 بۆ 250 ساڵە و بەدرێژایی ئەو ماوەیەش بەرھەمی ھەیە، عارف وەكو جووتیارێك دەیەوێت پەرەی زیاتر بە كێڵگەكەی بدات و بەرھەمێكی زیاتر بخاتە بازاڕەوە.
k24 -
Top