په‌رله‌مانتارێكى پارتى بۆ به‌ختیار شاوێس: خۆتان خەڵك دێننە سەر شەقام و خۆشتان ئازاریان دەدەن

په‌رله‌مانتارێكى پارتى بۆ به‌ختیار شاوێس: خۆتان خەڵك دێننە سەر شەقام و خۆشتان ئازاریان دەدەن
ئەندامێكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان، وەڵامی ئەندامێكی فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق دەداتەوە و رای دەگەیەنێت كە ئەوان خۆیان خەڵكی دێننە سەرشەقام و هەر خۆشیان ئازاریان دەدەن ”ئیتر حكوومەت تاوانی چیە؟“.

بەختیار شاوەیس، پەرلەمانتاری یەكێتی كە ماوەیەكە حەزی لایك و كۆمێنت ئەوەی بیربردۆتەوە كە حزبەكەی لە دوای ڕاپەڕینەكەی بەهاری نۆوەدویەكەوە بەشداری هەموو شتێكی هەرێمی كوردستانە و هێشتا قاچاخی و مافیاگەریی سنوورەكەیان تا میدیاكانی ئەورووپا و ئەمریكاش دەنگی دەبیسترێت، هاوشێوەی دەستەی پەرلەمانتارە كوردە نەیارەكانی هەرێمی كوردستان، ئۆباڵی هەموو كێشەیەك دەخاتە ئەستۆی حكوومەتی هەرێم. لەم چوارچێوەیەشدا ئۆباڵی ڕێگریكردنی لە خۆپیشاندانەكانی سلێمانی لە لایەن دەزگا ئەمنییەكانی شارەكەی دووبارە خستۆتە ئەستۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان.

لە بەرامبەردا ڕێبوار بابكه‌یى، ئه‌ندامى په‌رله‌مانى كوردستان له‌ فراكسیۆنى پارتى ڕاى گه‌یاند: ”ده‌بوایە به‌ختیار شاوەیس بپرسێت ئه‌و خه‌ڵكه‌ له‌ كوێ خوپیشاندانیان كردووه‌ و لە كام شار هاتوونەتە سەر شەقام و ئەو هێزانەشی كە بڵاوەیان پێ كردوون لە ژێر فەرمانی كێ دەجووڵێنەوە؟ چونكە ئه‌و ده‌زانێت كه‌ ئیداره‌ى خۆجێیی زۆنى سه‌وز لە ژێر هەژموونی یەكێتیدایە و هەر حزبەكەی بەختیار شاوەیسیش به‌رپرسه‌ له‌م دۆخەی لە زۆنەكەدا هەیە، بە خراپ مامەڵەكردن لەگەڵ خۆپیشاندەرانیشەوە“.

پەرلەمانتارەكەی پارتی بە بەختیار شاوەیسی گوت: ”ئێوە خۆتان خەڵك دێننە سەر شەقام و هانیان دەدەن بۆ خۆپیشاندان، دواتریش هەر خۆتان ئازاریان دەدەن و پاشان فرمێسكی درۆزنانەیان بۆ دەڕێژن، ئەمەش جۆرێكی دیكەیە لە دووڕوویی شاوەیس و هاوشێوەكانی، ناكرێ هێزەكانی تۆ بە گازی فرمێسكڕێژ بڵاوە بە خۆپیشاندەران بكەن و دواتریش لە پای ئەم كارانە سەركۆنەی حكوومەت بكرێت“.

بابكەیی نەیشاردەوە كە ”ئاسایشی سلێمانی هەڵیكوتاوەتە سەر خۆپیشاندەرانی شارەكە و ئازاری داون، بۆیە با پێش باسكردنی حكوومەت، بەختیار شاوەیس و ئەو پەرلەمانتارانەی یەكێتی كە ژمارەیان لە چەند دانەیەك تێناپەڕێت و لەم دواییانەدا بەشداری لە دەستەی تەپڵلێدانی ناو پەرلەمان دەكەن، دان بەم ڕاستییانەشدا بنێن“.

دووپاتیشی كردەوە كە ئەم دۆخەی لە سلێمانی هەیە، پێش ئەوەی شكستی هەر كەس و لایەنێك بێت، ”شكستی ئیداریی زۆنی سەوزە و ئەگەر دەیەوێت مامەڵەیەكی تەندروست لەگەڵ خۆپیشاندەران بكرێت، با داوا لە هێزە ئەمنییەكانی سنووری خۆیان بكات كە هەر لە لای ئەوانەوە ئاراستە دەكرێن و فەرمانیان پێدەكرێت“.

پەرلەمانتارەكەی پارتی باسیشی لەوە كرد كە كێشەی مووچە كێشەیەكی گشتییە و تەواوی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستانی گرتۆتەوە، هۆكارەكەشی مامەڵەی خراپی حكوومەتی فیدڕاڵییە لەگەڵ خەڵكی هەرێمی كوردستان كە بە بڕینی مووچە و بودجە دەیەوێت پێشێلكارییە دەستوورییەكانی بەغدا بەرامبەر كوردستان قەبوڵ بكرێت. بۆیە ”ئەو پەرلەمانتارە ئه‌وه‌ندى دژایه‌تیی هه‌رێمى كوردستان ده‌كات، با چاره‌گێكیش له‌ په‌رله‌مانى عێراق به‌رگرى له‌ مافه‌ ده‌ستورییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و مافی زەوتكراوی خەڵكی كوردستان بكات، با بوێر بێت و جارێك پەنجەی بەرامبەر بە پەرلەمانتارانی شیعە و سوننەی عێراق ڕابوەشێنێت“.











باسنیوز



Top