پەرلەمانتارێکی پارتی بۆ پەرلەمانتارە تەپڵلێدەرەكان: لە بەغدا جاشن و لە ھەولێر باشن!

پەرلەمانتارێکی پارتی بۆ پەرلەمانتارە تەپڵلێدەرەكان: لە بەغدا جاشن و لە ھەولێر باشن!
ئەندامێكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان رای دەگەیەنێت كە پەرلەمانتارە تەپڵلێدەرەكان كە لە هەولێر خۆیان بە باش نیشان دەدەن، لەژێر هەژموونی ئەو پەرلەمانتارە كوردانەن كە لە بەغدا جاشێتی بۆ شۆڤێنییەكان دەكەن.

چیا حەمید شەریف، پەرلەمانتار، ڕایگەیاند، ”ئەو تەپڵلێدان و ھاتوهاوارەی ناوەڕاستی ئەم هەفتەیە لە پەرلەمانی كوردستان كرا، موزایەدەی سیاسییە و لەگەڵ نزیکبوونەوەی ھەڵبژاردنەکان، دووبارە هەندێك هەلپەرست دەیانەوێت سۆزی خەڵک بەلای خۆیاندا ڕابكێشن، بەڵام ھاووڵاتیان ھۆشیارن و ئەم سیاسەتەشیان کەشفە، ئەوان لە سەرکەوتنەکان شەریکن و لە قەیرانەکان دەبنە دژی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان“.

ئەو پەرلەمانتارەی پارتی بەو تەپڵلێدەرانە دەڵێت: ”خێرە لە بەغدا جاشن و لە ھەولێر خۆیان باش پێشان دەدەن؟“. جەختیشی كردەوە كە نوێنەر و حزبەكانی ئەو پەرلەمانتارە موزایەدەچییانە لە كاتی ڕێككەوتنەكاندا گفتوگۆ دەكەن و ڕێككەوتن دەكەن تاوەكوو پلە و پۆستیان پێبدرێت، كەچی هەر جارێك لە هەڵبژاردن نزیك دەبینەوە، دەست بە موزایەدەكردن دەكەنەوە.

لە لایەن خۆشیەوە نەدا مێرگەسۆری، ئەندامی خولی پێشووی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند: ”كۆمه‌ڵێك به‌ناو په‌رله‌مانتاری كورد له‌ به‌غدا جارجاره‌ به‌ ده‌نگێكی نه‌شاز و بێ به‌ڵگه‌ ته‌نیا بۆ سینگ ده‌ڕپه‌ڕاندن و خۆده‌رخستن و خۆشیرینكردن لای هه‌ندێك لایه‌نی سیاسیی عه‌ره‌بی كه‌ وادیاره‌ به‌م كاره‌یان پارووی چه‌وریان ده‌ست ده‌كه‌وێت، لێدوانی ناڕاست و بێ بنه‌ما ده‌ده‌ن، بەڵام ڕوونە كە ئه‌وانە نوێنه‌ری راسته‌قینه‌ی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان نین“.

جەختیشی كردەوە كە ”لێدوانەكانی ئەم جۆرە كەسانە جگە لەوەی هیچ بەهایەكیان نییە، هیچ كاریگەرییەكیشی لەسەر پێگەی هەرێمی كوردستان نابێت، چونكە ئەوانە خۆیان لە ئاستە ناوخۆیی و دەرەكییەكاندا هیچ بەهایەكیان نییە و كەس حیسابیان بۆ ناكات“.

گوتیشی: ”هاوئاوازه‌كانیان له‌ كوردستان به‌ سناپ و لایڤ و هاشوهوشی ناشرین، بێ ئاستیی خۆیان له‌ كاری یاسادانان پێشان دەدات، ئەگه‌ر جورئه‌تیان هه‌یه‌ با ئه‌و قیژه‌قیژ و هۆسه‌ و هاواره‌ له‌ په‌رله‌مانی عێراق بكه‌ن و داوای ماف و شایسته‌ ده‌ستورییه‌كانی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان بكه‌ن“.

مێرگەسۆری دووپاتی كردەوە: ”هەمیشە هەرێمی كوردستان بەرامبەر بە داخوازییەكانی عێراق نیازپاكی هەبووە، بەڵام سازشی لەسەر مافە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان نەكردووە، بۆیە ئه‌م جۆره‌ پەرلەمانتارانە به‌ دوای گرژی و تێكچوونی په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێمی كوردستانەوەن له‌گه‌ڵ به‌غدا كه‌ گومانی تێدا نییه‌ بۆ ئه‌م كاره‌ راسپێردراون“.











باسنیوز


Top