هه‌ولێر.. خشته‌ى پێدانی کارەبای مۆلیدە دیارى ده‌كرێت
قارەمان مەولوود، سەرۆكی لێژنەی به‌دواداچوونی مۆلیدە ئەهلییەكان لە پارێزگای هەولێر ڕایگەیاند: "خشته‌ى پێدانی کارەبای مۆلێدە ئەهلییەکانی هەولێر بۆ ئەو مانگە دیاری کرا، لە کاتژمێر 6ی بەیانی بۆ 1ی شەو دەبێت، ئه‌گه‌ر كاره‌باى نیشتمانى نه‌بێت، مۆلیده ئه‌هلییه‌كان كاره‌با بۆ هاووڵاتییان دابین ده‌كه‌ن".
باسى له‌وه‌ش كرد، كه ئه‌گه‌ر له 1ى شه‌و تا 6ى به‌یانى كاره‌باى نیشتمانیش نه‌بێت، مۆلیده‌كان كاره‌با ناده‌ن.
قارەمان مەولوود ئاماژەی بەوەش دا: "بۆیە ئەو بەرنامەیە دیارى كراوه، لە 8ی بەیانییه‌وه بۆ 1ی نیوەڕۆ زۆربه‌ى قوتابییه‌كان خوێندنی ئۆنڵاینیان هەیە، دواتریش خەڵک پێویستی بە کارەبا دەبێ، بەڵام لە 1ی شەو بۆ 6ی بەیانی، خواست له‌سه‌ر به‌كارهێنانى كاره‌با كه‌متره".
سەرۆكی لێژنەی به‌دواداچوونی مۆلیدە ئەهلییەكان لە پارێزگای هەولێر نرخی کارەبای مۆلیدە ئەهلییەکانی بۆ مانگی ڕابردوو ڕاگه‌یاند و گوتی: "نرخی ئەمپێرێکى کارەباى مۆلیده لە نێوان چوار هەزار دینار بۆ شه‌ش هەزار دینارە، تەنیا بەحرکە نەبێ، زیاتر لە حه‌وت هەزار دینار بوو".
باس‌نیوز
