لە هەولێر لە شەڕی قەرزی 50 هەزار دۆلاردا گەنجێک بە چەقۆ دەکوژرێت
درەنگانی شەوی دووشەممە 2020/11/30 لە رووداوێکدا نێچیرڤان عەبدولڕەحیمی 27 ساڵ لەسەر شەقامێکی هەولێر دەکوژرێت. باوکی نێچیرڤان فەرماندەیەکی سەربازییە لە میحوەری خازر. کەسوکاری داوادەکەن یاسا هەقی کوڕەکەیان بسەنێتەوە.
کوردۆ هەرکی، ئامۆزای نێچیرڤانە و دەڵێت: "کوڕە قەرزارە تەلەفۆنی بۆ کوڕی کاک چیچۆ کردبوو بۆ نێچیرڤان. نێچیرڤان نەفەرێکی دیکەی لەگەڵ بووە. سەرەتا نێچیرڤان نەچووبووە خوارێ، کوڕەکەی دیکە چووبووە خوارێ. ئەو کوڕە چەقۆیەکی گەورەی قەسابانی پێ بووە. چەقۆی لە دەست و پشت و سمتی [ئەو کوڕەی لەگەڵ نێچیرڤان بووە] داوە. نێچیرڤانیش چووە ئەوی لە بن دەست دەربێنێت، یەکسەر رایوەشاندووە بۆ سەری نێچیرڤان و بەر دەستی کەوتووە و بڕیویە و نەزیفی کردووە و مردووە. هەتا ئەم دەقەیەش پێنج دەفتەری ئێمەی لایە."
نێچیرڤان دانیشتووی شارۆچکەی رزگارییە لە قەزای خەبات. رۆژی سێشەممە کاژێر 10:00ی بەیانی لە گۆڕستانی شێخ بازی ناحیەی کەڵەک بەخاک سپێردرا.
لە رووداوەکەدا جگە لە نێچیرڤان دوو کەسی دیکەش بریندار بوون کە یەکێکیان خوشکەزای نێچیرڤانە و ئەوی دیکەش بکوژەکەیە.
خوشکەزاکەی نێچیرڤان سێ چەقۆی بەرکەوتووە و ئێستا تەندروستیی باشە و لە نەخۆشخانەوە رەوانەی ماڵەوە کراوە.
تۆمەتبارەکەش تەندروستیی جێگیرە و دوانیوەڕۆی سێشەممە لە نەخۆشخانە دەرچووە و ئێستا لەلای پۆلیس دەستبەسەرە.
هۆگر عەزیز، رائید و گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر راگەیاند: "تۆمەتباری سەرەکی رووداوەکە دەستبەسەرکراوە و بەپێی ماددەی ٤٠٦ لە یاسای سزادانی عیراقی راگیراوە."
تۆمەتباری سەرەکیی رووداوەکە دەستبەسەر کراوە و بەپێی ماددەی 406 لە یاسای سزادانی عێراقی راگیراوە.
لە دیمەنی کامێراکانی چاودێریدا دەرکەوتووە نێچیرڤان لەگەڵ چوار کەسی دیکە دەڕۆن بۆ لای بکوژەکە. دوای کەمێک گفتوگۆ دەمەقاڵی دەکەوێتە نێوانیان و لە ئەنجامدا بکوژ سێ چەقۆ لە خوشکەزاکەی نێچیرڤان دەدات و نێچیرڤانیش بە چەقۆیەک دەستی بریندار دەبێت و بکوژەکەش لەلایەن نێچیرڤانەوە بە گوللـە بریندار دەکرێت.
نێچیرڤان بەهۆی ئەو چەقۆیەی بەر دەستی کەوتبوو خوێنێکی زۆری لە بەر رۆشتبوو و لە نەخۆشخانە دوای کاژێر و نیوێک لە رووداوەکە دەمرێت.
rudaw -
