حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی مووچە کۆدەبێتەوە

حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی مووچە کۆدەبێتەوە
وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە و گفتوگۆ لەسەر مووچەی فەرمانبەران دەکرێت.

کوێستان محەممەد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی لەمیانی کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە وەڵامی پرسیارێکی فەرهاد دۆڵەمەری، رایگەیاند "سبەی کاژێر 10:00ی بەیانی ئەنجوومەنی وەزیران کۆدەبێتەوە، بابەتێکی کۆبوونەوەکە تایبەتە بە مووچە و رەشنووسی یاسای بودجەی ساڵی 2021ی عێراق".

لە هەرێمی کوردستان 88 هەزار و 494 کەس مووچەی کەمئەندامی (خاوەن پێداویستیی تایبەت) وەردەگرن، لەو ژمارەیە 76 هەزار و 464 کەسیش هیچ مووچەیەکیان نییە و بڕی 150 هەزار دینار وەردەگرن، 12 هەزار و 30 کەسیان فەرمانبەرن و مانگانە بڕی 100 هەزار دینار وەردەگرن، حکومەت بەنیازە ئەو پارەیەی وەکو مووچە وەریدەگرن بیبڕێت و بەشێوەی دەرماڵەیەک پێیان بدرێت.

وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی باسیشی لەوە کرد "یەکێکی دیکە لە خاڵەکانی کارنامەی کۆبوونەوەکەی حکومەت تایبەتە بە بڕیاری دەرماڵەی لەبری پەککەوتەیی بۆ ئەو کەمئەندامانەی مووچەیەکی دیکەیان هەیە، کە یەکێکە لە خاڵەکانی یاسای چاکسازی".

لە کۆبوونەوەی 12-9-2020ی پەرلەمانی عێراق، یاسای پڕکردنەوەی کورتهێنانی دارایی کە بە یاسای قەرز ناسراوە، بەبێ فراکسیۆنە کوردستانییەکان تێپەڕێندرا، ناردنی 320 ملیار دیناری هەرێمی کوردستانیش مەرجدار کراوە. دوو رۆژە وەزارەتی دارایی رەشنووسی یاسای بودجەی ساڵی 2021ی رەوانەی ئەمیندارێتیی گشتیی حکومەتی عێراق کردووە، لەنێویشیدا شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان هێشتا تەواو یەکلایی نەکراوەتەوە.
rudaw-
Top