په‌رله‌مانتارێكى پارتى: هەندێ لایەن لە دۆخی باشدا پۆستیان دەوێ و لە كاتی قەیرانیشدا لە بەرپرسیارێتی هەڵدێن

په‌رله‌مانتارێكى پارتى: هەندێ لایەن لە دۆخی باشدا پۆستیان دەوێ و لە كاتی قەیرانیشدا لە بەرپرسیارێتی هەڵدێن
ئەندامێكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان رای گەیاند، هەندێك لایەنی سیاسی لە دۆخە باشەكاندا پۆستیان دەوێ و لە كاتی قەیرانیشدا لە بەرپرسیارێتی ڕادەكەن.

لە میانی دانیشتنەكەی دوێنێ دووشەممە ٣٠ی ١١ی ٢٠٢٠ی پەرلەمانی كوردستاندا، پەرلەمانتارانی ئۆپۆزسیۆن و ژمارەیەك لە پەرلەمانتارانی یەكێتی و گۆڕان، بە تایبەتیش ئەوانەی لەژێر كاریگەریی لایك و كۆمێنتی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندان، لە ڕێگەی تەپڵلێدان و هاتوهاوارەوە كۆبوونەوەكەیان پەكخست و بانگەشەی ئەوەیان كرد كە گوایە بەرگری لە مافی خەڵكی دەكەن.

لەمبارەیەوە سه‌عید هه‌ركى، ئه‌ندامى په‌رله‌مانى كوردستان ڕاى گه‌یاند: ”ئه‌و په‌شێوییه‌ى له‌نێو په‌رله‌مانى كوردستان ڕووی دا، پلان بۆ داڕێژاراو بوو، ده‌ركه‌وت پەرلەمانتارانی هەندێك لایەن له‌ چ ئاستێكدان و ده‌یانه‌وێت به‌م كارانه‌یان خۆڵ بكه‌نه‌ چاوى خه‌ڵك، له‌ كاتێكدا به‌شكیان له‌ حكوومه‌تدان، به‌ڵام خۆیان له‌ به‌رپرسیارێتی ده‌دزنه‌وه‌.

ڕوونیشی كردەوە، ”براده‌رانى ئۆپۆزسیۆن به‌ هه‌ڵه‌ له‌ هاتنه‌ په‌رله‌مان گه‌یشتوون، وا ده‌زانن هاتوونه‌ته‌ هۆڵى بۆنه‌كانەوە و بۆ ئاهەنگگێڕان هاتوون، هەر خەریكی سێڵفی و سناپكردن بوون، ئەم كارانەشی لە ژوورەوە كردیان، بۆ خۆڵكردنە چاوی خەڵك بوو“.

ئەندامەكەی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان جەختی كردەوە: ”ئێمه‌ له‌ فراكسیۆنى پارتى پێمان باشە شاندی دانوستانكاری حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكی شاندەكەوە بێتە پەرلەمان و گفتوگۆ بكرێت“.

ڕەخنەشی لە یەكێتی و گۆڕان گرت بەوەی لە هەندێك لایەنی كوردستان گرت كە لە كاتی دۆخی باشی ژیان لە هەرێمی كوردستاندا داوای پۆست لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان و دەسەڵاتەكانی دەكەن، كەچی لە كاتی قەیران و ئاڵۆزییەكانیشدا وەك هەموو جارێك، خۆیان لە بەرپرسیارێتی دەدزنەوە. گوتیشی: ”كاتی خۆی پارتی كاتێك لەگەڵ یەكێتی و گۆڕان ڕێككەوت، مەرجی ئەوەبوو كە بە ڕۆژ لە حكوومەت نەبن و بە شەویش لە ئۆپۆزسیۆن بن، بۆیە پێویسته‌ دووبارە چاوخشاندنەوە بە ڕێككەوتنەكاندا بكرێت، ناكرێت ئەو لایەنانە پێیەكیان لە حكوومەت و پێیەكیان لە ئۆپۆزسیۆن بێت“.













باسنیوز


Top