سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی: گرنگە پەرلەمانی عێراق تێگەیشتنی بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی هەولێر و بەغدا هەبێت

سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی: گرنگە پەرلەمانی عێراق تێگەیشتنی بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی هەولێر و بەغدا هەبێت


سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق، باس لە بەردەوامیی هەوڵەكان بۆ چارەسەركردنی ئاریشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا دەكات.

د. ڤیان سەبری، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، ڕاگەیاند، گفتوگۆكانی نێوان هەردوو حكوومەتی هەرێمی كوردستان و عێراق بۆ چارەسەركردنی كێشە هەڵواسراوەكان بەردەوام دەبن،" لە نێوان ئێمە و كوتلە سیاسییەكانی دیكەی عێراقیش گفتوگۆ بۆ چارەسەركردنی گرفتەكان هەیە، لیژنەیەكیش لە چەند پەرلەمانتارێكی عێراق پێكهاتووە كە زۆرینەیان لە فراكسیۆنە شیعەكانن و ئەو لیژنەیە لیژنەیەكی راوێژكارییە، گفتوگۆ لەگەڵ هەدوو حكوومەتی هەرێمی كوردستان و عێراق دەكات، بۆ ئەوەی بگەنە رێككەوتن".

جەختیشی كردەوە: "زۆر گرنگە لە نێو خودی پەرلەمانی عێراق، لێكتێگەیشتن بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا هەبێت، چونكە ئێمە لە نێو پەرلەمان كێشەمان هەیە".

ڤیان سەبری نەیشاردەوە كە "تائێستا حكوومەتی عێراق مووچەی مانگەكانی پێنج و شەش و حەوت و مانگی دەی بۆ هەرێمی كوردستان نەناردووە كە پێش پەسەندكردنی یاسای پڕكردنەوەی كورتهێنانی دارایی عێراق، بەغدا دەبوایە ئەو پارەیە بنێرێت، بەڵام “بە گشتی هەوڵ بۆ چارەسەركردنی ئەو گرفتەش هەیە".





باسنیوز
Top