لە زاخۆ پێنج رۆژە دوو کچی کلێنسفرۆش بێسەروشوێنن
ئامینە بهدهل، خوشکی دوو کچە ونبووەکەیە و دەڵێت: "خوشکەکانم لەمبەر و ئەوبەری ترافیکەکەوە بوون. من چوومە خواردنگەیەک و ئیتر دوایی خوشکەکانمم نەدییەوە."
ئامینە و خوشک و براکانی و باوکیان کلێنس دەفرۆشن. هەریەکێکیان رۆژانە نزیکەی 10 هەزار دینار پەیدا دەکەن.
خێزانەکە بەهۆی بێسەروشوێنبوونی منداڵەکانیانەوە کەوتوونەتە رەوشێکی خراپ. باوکیان کە لەگەڵ منداڵەکانیدا کلێنس دەفرۆشێت، نەخۆشیی شێرپەنجەی هەیە و باوکی چوار کچ و کوڕێکە.
بهدهل ئهحمهد خهلهف، باوکی کچە ونبووەکانە و دەڵێت: "گوتم: 'کچم بۆچی ئاگات لە خوشکەکانت نەبوو؟' گوتی: 'من خەریکی ژماردنی پارەکانم بووم لەبەر ئەوە ئاگام لێیان نەما.' ئیتر لەو کاتەوە دیار نین."
ئیناسی 11 ساڵان و رەهەفی نۆ ساڵان خەڵکی دێرکی رۆژئاوای کوردستانن و لە ساڵی 2012وە لە باشووری کوردستان دەژین.
شهڤین حاجى محهممهد، دایکی دوو کچە ونبووەکەیە و دەڵێت: "کچەکانم بێسەروشوێن بوون. چییان لە من دەوێت؟ من بەرگە ناگرم. ئەوە چەند رۆژە هیچم نەخواردووە. بۆ خاتری خوا کچەکانمم بۆ بگەڕێننەوە."
ئەو خێزانە لە بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی نەهێشتنی تاوان لە خۆ سکاڵایان تۆمارکردووە و لێکۆڵینەوە بەردەوامە.
rudaw -
