سیاسییەکی کورد: پەکەکە دژایەتیی هەموو ئەوانە دەکات رای جیاوازیان هەیە و پێویستە تێڕوانینی خۆی بگۆڕێ
مستەفا جومعە، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی حزبی دیموکراتی کوردستانی سووریا (یەکێک لە حزبەکانی ناو ENKS)، گوتی: ”هەرێمی کوردستان بە دامەزراوە شەرعییەکانی و سەقامگیری و ئاسایشی، بەرهەمی ئەو تێگەیشتنە ناوخۆییانەیە، کە سەرۆک مەسعود بارزانی سەرکردایەتیی کرد، رووی پرشنگداری هەرێمی کوردستانیش لە ئیدارەدانی هاوسەنگی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستانە“.
گوتیشی: ”ئەم دوو شتەیە پەکەکەیان هەراسان کردووە، کە پارتی سەرکردایەتیی شۆڕشی کرد و سەرکەوت، بەڵام لایەنی دووەم کە پەکەکەیە، شکستیان هێناوە و تەنانەت یەک تاکە گوندیشیان لە باکووری کوردستان پێ ئازاد نەکراوە“.
دەشڵێ: ”ئەو کینەیەی برای شکستخواردوو لە برای سەرکەوتوو وای لە پەکەکە کردووە، دژایەتیی پەکەکە بۆ هەرێمی کوردستان ببێ بە هەوڵێکی سووک و پووچ و بە تێپەڕبوونی کات وای لێ هات لەلایەن وڵاتانی داگیرکەری کوردستان بقۆسترێتەوە بۆ لێدانی ئەزموونی دیموکراتی و فیدڕاڵی لە کوردستان، بە رای من لەسەر ئەو کارە پووچەیش ناوەستێ، تاوەکو لە رەگ و ریشەوە گۆڕانکاریی لە تێڕوانین و سەرکردایەتییاندا نەکرێ“.
روونیشی کردەوە، هەموو ئەو هێزانەی لەپشت پەکەکەوەن، راستەوخۆ دژایەتیی هەرێمی کوردستان دەکەن، بەتایبەتی ئێران و تورکیا و سووریا، بەوپێیەی سەرکەوتنی ئەزموونی هەرێمی کوردستان و جێگیربوونی قەوارەکەی، رەنگدانەوەی ئەرێنیی دەبێ لەسەر بەشەکانی دیکەدا.
ئەو سیاسییە دەڵێ: ”چەندیین شتی ناڕوون لە ئایدیۆلۆجیا و سیاسەتی پەکەکەدا هەیە، ئەم تێڕوانینە هەر لە سەرەتای دروستبوونی پەکەکەوە هەبووە، تا وایلێهات بیروڕایەکی جیاواز و نامۆ لە بیروڕای حزبە کوردستانییەکان پەیڕەو بکەن، ئێمە زۆر زۆر پرسیار دەکەین، بەڕاست پەکەکە حزبێکی کوردییە، یان بووە بە ئەسپی تەروادە لە گۆڕەپانی کوردستان؟“.
مستەفا بەردەوام دەبێ و دەڵێ: ”ئێمە لەو بۆچوونەوەمان بە هەڵە نەچووبووین، کە زۆر زوو هەڵوێستی دوژمنکارانەیان بەرامبەر هەر حزبێکی دیکە دەرکەوت، کە رای جیا لەوانی هەبوو، ئینجا بوو بە جێبەجێکاری پرۆژەی رژێمی سووریا و دوای ئەو بوو بە داردەستی ئێران و بە پیلانی هاوبەش، هەندێکیان ناردنە ناو خاکی هەرێمی کوردستان“.
ئەو سیاسییە گوتیشی: ”پەکەکە لە هەموو بەشەکاندا هەیە، تەنیا لە باکووری کوردستاندا نەبێ، چونکە هیچ باوەڕی بە کێشەی کورد نییە و لە ئایدیۆلۆجیای ئەواندا دەوڵەتی نەتەوەیی کۆنەپەرستییە، دووەمیشیان لەبەر ئەوەی بەشێکە لە ئەجێندای دەرەکی و پێی وایە، لە ئاسۆیەکی بەرینتردا کار دەکات“. لێرەدا دەردەکەوێ، کە پەکەکە بۆ ناچێتەوە ناو خاکی خۆی لە باکووری کوردستان و بۆ دەستوەردان لە بەشەکانی دیکەی کوردستاندا دەکات؟ بۆ ناتوانێ حزبە کوردستانییەکانی دیکە بە سەرکەوتوو ببینێ، یان بۆ هاوپەیمانیی لەگەڵ حزبە کوردییەکانی باکووردا ناکات؟.
دەشڵێ: ”من دڵنیام سەرکردایەتیی هەرێم، بەتایبەتی سەرۆک مەسعود بارزانی رێ بە شەڕی ناوخۆ نادەن، بەڵام بە رای خۆم، پەکەکە دەستبەرداری بیرۆکە و سیاسەتەکانی خۆی نابێ و لەسەر هەڵوێستەکانی بەردەوام دەبێ، بۆ ئەوەی حکوومەت لەجیاتی ئەنجامدانی پرۆژە و خزمەتکردنی خەڵک، بە شتی دیکەوە سەرقاڵ بکات، بەتایبەت دوای رێککەوتننامەی نێوان هەولێر و بەغدا سەبارەت بە گەڕانەوەی پۆلیسی فیدڕاڵی بۆ شنگال و رێگرتن لە بۆچوونەکانی پەکەکە لەوێ“.
مستەفا بەمە کۆتایی پێ دێنێ و دەڵێ: ”پەکەکە بەدرێژایی سنووری نێوان باکوور و باشوور لە گرژی و ئاڵۆزی ناوەستێ، کە چەند مانگێکە دەستی پێکردووە، بەمەش بووەتە هۆی کۆچکردنی خەڵکی گوندە سنوورییەکان و چۆلکردنی گوند و بەجێهێشتنی رەز و باخەکانیان و راکێشانی سوپای تورکیا بۆ ناو خاکی هەرێمی کوردستان، بۆیە ئەم سیاسەت و هەڵسوکەوتانەی پەکەکە دژی بەرژەوەندییەکانی کوردە و خزمەت بە ئەجێندای دوژمنانی کوردستان دەکات“.
باسنيوز
