سەرۆکی لیژنەی هەموارکردنەوەی دەستوور: لە پەرلەمان ماددەی 140 یەکلایی دەکەینەوە
سەرۆکی لیژنەی هەموارکردنەوەی دەستووری عێراق ئاشکرای کرد، لیژنەکە کۆتایی بە کاری تەواوی هەموارە دەستوورییەکان هێناوە و چەند خاڵێک تێبینییان لەسەرە و پێویستیان بە سازانی سیاسی هەیە.
نووسینگەی راگەیاندنی فالح ساری، سەرۆکی لیژنەی هەموارکردنەوەی دەستووری عێراق رایگەیاند، ساری لە بەغدا پێشوازیی لە مانۆج ماسیۆ، لێپرسراوی بەشی سیاسی لە نێردراوێتیی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق کردووە.
لە دیدارەکەدا دوایین پێشهاتەکان لەبارەی کارکردنی لیژنەی هەموارکردنەوەی دەستوور تاوتوێ کراون و پێشهاتە سیاسییەکانیش لە گۆڕەپانی سیاسیی عێراقدا خراونەتە بەرباس و لێکۆڵینەوە.
وەک لە روونکردنەوەی نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکی لیژنەی هەموارکردنەوەی دەستووری عێراق هاتووە، لە تەوەرێکی کۆبوونەوەکەدا فالح ساری بە مانۆ ماسیۆی راگەیاندووە، لیژنەکە کۆتایی بە هەمواری سەرجەم بڕگە و ماددەکان هێناوە جگە لە ماددەی 140ی دەستوور، بەهۆی ئەوەی ئەو ماددەیە مشتومڕی لەسەرە و تەنیا لە پەرلەمان یەکلایی دەکرێتەوە.
ناوبراو جەختی لەوە کردووەتەوە، راپۆرتی هەموارەکانی دەستوور ئامادەن و لە دانیشتنەکانی داهاتوودا پێشکەشی پەرلەمانی دەکەن.
rudaw -
