حزبێکی سیاسیی سلێمانی مۆڵەتی کارکردنی لە وەزارەتی ناوخۆ وەرگرت

حزبێکی سیاسیی سلێمانی مۆڵەتی کارکردنی لە وەزارەتی ناوخۆ وەرگرت
حزبێکی سیاسیی سلێمانی دوای نزیکەی ساڵێک لە دامەزراندنی، مۆڵەتی کارکردنی لە وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان وەرگرت.

شوان عوسمان، بەرپرسی تیمی گوتەبێژانی هاوپەیمانیی نیشتمانی ڕايگەیاند، ئەمڕۆ یەکشەممە 29-9-2019 وەزارەتی ناوخۆ مۆڵەتی فەرمیی پێداون بۆ کارکردن وەکو حزبێکی سیاسی، ئەمەش دوای ئەو هەموو گوشار و هەوڵدانەی چەند لایەنێک دێت بۆ کۆتاییهێنان و هەڵوەشانەوەی پرۆژەی هاوپەیمانی.

شوان عوسمان هەروەها رایگەیاند، دوای دەست لەکارکێشانەوەی بەرهەم ساڵحی سەرۆکی پێشووی هاوپەیمانی، ئەو حزبە کۆبوونەوەی گشتی ئەنجام دا و پاشگری دیموکراسی و دادپەروەری گۆڕی بۆ "نیشتمانیی" و ئارام قادری وەک سەرۆک هەڵبژارد.

ئەوبەرپرسەی هاوپەیمانی ئاماژەی بەوەش دا، وەرگرتنی مۆڵەت مافێکی یاسایی حزبەکەیەتی و لە ئێستاشەوە قۆناغێکی نوێی کاری هاوپەیمانی دەست پێ دەکات و هاوپەیمانی بەتەواوی خۆی بۆ ئەو قۆناغە نوێیە ئامادە کردووە.

هاوپەیمانیی نیشتمانی ئێستا حەوت دەڤەر و 11 دامەزراوە و سێ ئەنجومەن و دەستەیەکی ڕاوێژکاری هەیە و سەرقاڵی گفتوگۆیە لەگەڵ لایەنە سیاسیەکان بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق.













باسنيوز
Top