سەرۆك بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی یۆنان لە عێراق دەكات
لەو دیدارەدا كە ئیفتیمیۆس كۆستۆپۆلۆس كۆنسوڵی یۆنان لە شاری هەولێریش ئامادەی بوو، باڵیۆزی یۆنان لە عێراق پێزانینی هەبوو بۆ خەباتی دوورودرێژ و ڕۆڵی سیاسیی سەرۆك بارزانی لە ئاستی عێراق و ناوچەكە و جیهان و لە شەڕی دژی تیرۆریستان، هەروەها ڕۆڵی هێزی پێشمەرگەی كوردستانی لە تێكشكاندنی داعش بەرز نرخاند. سەرسامیی خۆیشی بە سیاسەتی سەرۆك بارزانی و سەركردایەتیی هەرێمی كوردستان ڕاگەیاند لە مامەڵەكردن لەگەڵ تەحەددیات و قەیران و بارودۆخە دژوارەكاندا.
لە بەشێكی تری ئەو كۆبوونەوەیەدا بیروڕا لەبارەی بارودۆخی سیاسی و دوا پێشهاتەكانی ناوچەكە و پڕۆسەی سیاسیی عێراق و پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا و دۆخی ناوچە كێشە لەسەرەكان ئاڵوگۆڕ كرا.
هەر لەو دیدارەدا ئاماژە بە بار و گوزەرانی جالیەی كوردی لە یۆنان و پەیوەندییەكانی نێوان گەلی كوردستان و گەلی یۆنان درا و، جەختیش لە پەرەپێدانی پەیوەندیی نێوان هەرێمی كوردستان و وڵاتی یۆنان لە بوارە جیاجیاكاندا كرایەوە.
باسنيوز
