تورکیا و هەرێمی کوردستان دەیانەوێت ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانی بەرزبکەنەوە

تورکیا و هەرێمی کوردستان دەیانەوێت ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانی بەرزبکەنەوە
ئەو قەیرانەی بەرۆکی هەرێمی کوردستانی گرت، هەروەها هێرشی داعش و پرسی گشتپرسیی باشووری کوردستان و چەند هۆکارێکی دیکە پەیوەندیی سیاسی و ئابووری و بازرگانیی نێوان ئەنقەرە و هەولێریان سستکردەوە. لەکاتێکدا پەیوەندیی ئابووری و بازرگانی لە ساڵانی 2012-2013 گەیشتە لووتکە و هەناردەی تورکیا 12 ملیار دۆلاری تێپەڕاندبوو.

ئەحمەد ئۆزەر، ئەندامی کۆمەڵەی کارسازان و بازرگانانی عێراق - تورکیا گوتی "ئێمە بۆ پێشخستنی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێویستە سەرەتا لە ئاستی حکومەتە ناوەندییەکانمان و دواتریش لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستاندا بگەینە سەقامگیرییەکی سیاسی. پێشتر ماوەیەک پەیوەندییەکانمان تێکچوو. ئەویش بە هۆکاری بەڵای داعش و دواتریش رووداوی گشتپرسی هات. ئێستا هەردوو حکومەت دووبارە دەیانەوێ پەیوەندییەکان بەرەوپێش ببەن. ئێمە تەنیا بۆ وەبەرهێنان نایەینە هەرێمی کوردستان. هاوکات بازرگانانی ئێرە بۆ ئەنجامدانی وەبەرهینان بانگهێستی تورکیا دەکەین".

ئێستا هەوڵ و هەنگاو لەلایەن هەولێر، بەغدا و ئەنقەرە بۆ باشترکردنەوەی پەیوەندییەکان هەیە. جگە لە پەیوەندییەکانی ئەنقەرە - بەغدا و ئەنقەرە - هەولێر، تورکیا گرنگیی بە پەیوەندییەکانی بەغدا - هەولێریش دەدات.

فاتح یڵدز، باڵیۆزی تورکیا لە عێراق لە میانی بەشداریکردنی لە کۆڕبەندی رافیدەین لە بەغدا گوتی: پەیوەندیی بەغدا و هەولێر بۆ تورکیا گرنگە.

فاتح یڵدز، باڵیۆزی تورکیا لە عێراق گوتی: "بۆ ئێمە یەکجار گرنگە، بۆ ئێمە پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و هەولێر، یەکێكە لە گرنگترین لایەنەکان لە پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و عێراق. تاوەکو ئەو پەیوەندییانە بەرەو باشتر نەڕۆن، ئەو گرفتانەی لە پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و عێراقدا لە چەند پرسێکدا هەن، درێژەیان دەبێت. ئەمە لەبارەی گەیاندن بەو شێوەیەیە، لەبارەی گومرگەکان بەو شێوەیەیە، لە بارەی گەیاندنی وزە بەهەمان شێوەیە. هەر بۆیە ئەو دیالۆگەی کە ئێستا دەستیپێکردووە بە باشی دەزانین، بەڵام بێگومان ئەمە بەشێوەیەکی بنیادنەرانە، لە بوارە جیاجیاکاندا پێویستە بە خێرایی بەرەوپێش ببەین".

ئێستا شاندێکی بازرگانان لە باکووری کوردستان و تورکیاوە بە مەبەستی ئەنجامدانی دیداری بازرگانی لەنێوان ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر و بازرگانانی تورکیا هاتوونەتە هەولێر.
Top