ھەولێر و بەغدا لەسەر نەخشەڕێگایەك بۆ چارەسەركردنی کێشه‌ی نەوت ڕێکدەکەون

ھەولێر و بەغدا لەسەر نەخشەڕێگایەك بۆ چارەسەركردنی کێشه‌ی نەوت ڕێکدەکەون
ھەولێر و بەغدا لەسەر نەخشەڕێگایەك بۆ چارەسەركردنی کێشەکانی پەیوەست بە نەوت ڕێکدەکەون و کۆمەڵێك پرەنسیپی ھاوبەش دیاری ده‌كه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی ھەموو کێشەکان لەسەر ئەو بنەمایانە چارەسەربکرێن.

سامر غەزبان، وەزیری نەوتی عێراق کە لە ھەمان کاتدا جێگری سەرۆك وەزیرانی عێراقیشە بۆ کاروباری نەوت و وزە گوتی: نەخشە ڕێگایەکمان دیاریکردووە، بۆ ئه‌وه‌ی ھەولێر و بەغدا کێشەکانی پەیوەست بە نەوت چارەسه‌ر بکەن.

گوتیشی: نەخشە ڕێگاکە ھەردوولا پابەند دەکات بە ماددەکانی ١١١ و ١١٢ ی دەستوور، کە دەڵێ نەوت و گاز موڵکی ھەموو عێراقییەکانە، هه‌وره‌ها پابه‌ند ده‌كات به‌ یاسای بودجە و کۆمەڵێك ڕێسای دیکە، کە لە کۆتاییدا کێشەکان بەرەو چارەسەر دەبات.

غه‌زبان دووپاتیش ده‌كاته‌وه‌، چەند مانگێکە ھەولێر و به‌غدا ڕێکەوتوون، بۆ ئه‌وه‌ی کۆمەڵێك پرەنسیپی ھاوبەش دیاریبکەن، تا ھەموو کێشەکان لەسەر ئەو بنەمایانە چارەسەربکرێن.

ده‌شڵێت: پێموانییە نەتوانین پرسەکان چارەسەربکەین، بنەماکان بریتین لە یەکێتی عێراق، گەڕانەوە بۆ دەستوور و بۆ یاسای بودجەی عێراق.

ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌دات، رێکەوتووین ھەموو لە بەرھەمھێنان بەشداربین و ھەمووش لە خێروبێرەکان سودوەرگرین.

ئەمه‌ لەکاتێکدایە، خەریکە نەوت پەل دەکێشێتە ناو گفتوگۆکانی بودجەشەوە، کە بڕیارە کۆتایی مانگی داھاتوو لە بەغدا تاوتوێ بكرێت.
Top