بەرپرسێکی پارتی: نەدەبووایە یەکێتی ڕووداوەکەی بازگەی سماقوڵی هێندە گەورە بکات

 بەرپرسێکی پارتی: نەدەبووایە یەکێتی ڕووداوەکەی بازگەی سماقوڵی هێندە گەورە بکات


بەرپرسێکی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاشکرای کرد، چەندانجار ڕووداوی هاوشێوەی ڕووداوەکەی مەحموود سەنگاوی بەسەر بەرپرسانی پارتیدا هاتووە، بەڵام ئەوان بابەتەکەیان بە هەند وەرنەگرتووە و گەورەیان نەکردووە.



بڵند ئیسماعیل، بەرپرسی لقی ١٦ی پارتی ڕاگەیاند، ڕووداوی بازگەکەی سماقولی جاروبارو ڕوودەدەن و ”جاری وا هەبووە بەرامبەر بە بەرپرسەكانی ئێمەش لە لای ئەوان ڕووی داوە، بەڵام نە باس كراوە و نە گەورە كراوە و نە ڕوونكردنەوەی لەسەر دراوە و نە گوتەبێژیش قسەی لەسەر کردووە“.



ئەوەشی ڕوون کردەوە کە ئەوان پێیانوایە، ڕووداوەکە لە تێنەگەیشتنی نێوان بازگەکان و ئەو کەسانە ڕوویداوە. گوتیشی: ”تۆ بە چەندان سەیارە و چوار دۆشكە و ١٥٠ كەسەوە بەوێدا هاتوچۆ بكەیت، جێی گومانە، ئەم هێزەیان بۆ چییە؟”.



ڕەخنەی ئەوەشی لە بەشێک لە بەرپرسانی یەکێتی گرت کە ئێستاش بە عەقڵیەتی ساڵانی نۆوەدەکان کار دەکەن و ”ئەگەر بۆیان بچێتە سەر، سەقفی لاندکرۆزەرەکانیان دەبڕنەوە و دۆشكەی لەسەر دادەنێن“.



بڵند ئیسماعیل ڕوونی کردەوە، هەولێر پایتەختی هەرێمی کوردستانە و دەیان کونسوڵخانەی وڵاتانی تێدایە، بۆیە پرسیاری کر، ئاخۆ چ پێویست دەکات بەو هێزەوە کەسانێک بێنە نێو هەولێر.



دووپاتیشی کردەوە، گەورەکردنی بابەتەکە لەلایەن یەکێتییەوە ”جێگەی گومانە“، چونکە پیویستی بە گەورەکردن نەدەکرد. هەروەها بوونی مەحموود سەنگاوی لەنێو کێشەکەشدا گومانەکان زیاتر دەکات، چونکە ”ڕابردووی ئەم کەسە، قسەكانی و لێدوان و شێوازی كاركردنی لەناو یەكێتی و تووڕەبوون و ئاشت بوونەوەی، هەمووی جێی گومانە“.



گازاندەی ئەوەشی کرد کە بەشێک لە یەکێتییەکان، ”لەلایەکەوە لەناو حکوومەتدان و لەلایەکی دیکەشەوە کێشە بۆ حکوومەت درووست دەکەن و دەیانەوێت سەقامگیریی سیاسی تێک بدەن“.



لەبارەی بازگەکەشەوە، بەرپرسی لقی ١٦ی پارتی پێیوایە، ئەو بازگەیە چۆن بازگەی پارتییە، بازگەی یەكێتیشە، چونکە هی حكوومەتی هەرێمی کوردستانە، بۆیە ”ناكرێ لەبەر ئەوەی چوار کارمەندی بازگەكە لە سنووری پارتین، وا حیساب بکرێت کە دەستی پارتییە و بۆ ئیهانەکردنی فلانە، شتی وا لە گۆڕێ نییە“.



لە کۆتاییشدا نەیشاردەوە کە ”پارتی شەرم لە كەس ناكات، ئەگەر ئێمە پێمان وابێ كەسێك نابێ بێتە ئێرە، پێیان دەڵێین و پێوست بەوە ناكات، هەموو كاربەدەستە باڵا دەستەكانی یەكێتی لە هەولێرن، مەحموود سەنگاوی كێیە تا پارتی ڕێی لێ بگرێت بێتە هەولێر؟“.



کۆتایی هەفتەی رابردوو، گوتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رای گەیاند کە لە بازگەی دۆڵی سماقوڵی ڕێگری لە هاتنی مەحموود سەنگاوی بۆ هەولێر کراوە، دواتر وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان راگەیاندراوێکی بڵاو کردەوە و پێکهێنانی لێژنەی لێکۆڵینەوەی لە ڕووداوەکە ڕاگەیاند، بەڵام یەکێتی لە ڕێگەی میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە هەڵمەتێکی فراوانی دژی پارتی دەست پێکرد و سەرکردەکانی حزبەکە وەک بۆنەیەکی کۆمەڵایەتی، سەردانی سەنگاوییان کرد و هەمان شەو، تەقە لە بارەگای لقی ٤ی پارتی لە شاری سلێمانی کرا.














باسنیوز
Top