قەرەتەپە.. دوو سەربازی عێراقی و سێ داعش كوژران

	 قەرەتەپە.. دوو سەربازی عێراقی و سێ داعش كوژران
بەرپرسی لیژنەی ناوچەی پارتی دیموكراتی كوردستان لە قەرەتەپە گوتی، ئەمڕۆ داعش لە سنووری ناحیەی قەرەتەپە هێرشی كردووەتە سەر سەنگەرەكانی سوپای عێراق و سێ سەرباز كوژراون و بریندار بوونە و سێ چەكداری داعشیش كوژراون.

كەمال ئیبراهیم، رایگەیاند، ئەمڕۆ لە گوندی كەشكۆڵی بچووك لە سنووری قەرەتەپە بە شێوەیەكی ئاشكرا داعش هێرشی كردە سەر سوپای عێراق، كە لە ئەنجامدا دوو سەرباز كوژراون و یەكێكیش بریندار بووە و سێ چەكداری داعشیش كوژراون و ئێستا تەرمەكانیان لە بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی قەرەتەپەن.

بەرپرسی لیژنەی ناوچەی قەرەتەپە گوتیشی، جموجۆڵی داعش بە شێوەیەك زیادی كردووە و ئێستا لەجیاتی تەقینەوە و كردەی تیرۆریستی، هێرش دەكەن و شەوانە خەڵك لە ترسی خۆی پارێزگاری لە گوندەكان دەكەن و هەر ئەمڕۆ سوپای عێراق سەرجەم ئەنجوومەنەكانیان كۆكردبووەوە و داوای لێیان كردووە هەر یەكێك داعش ببینێت و هەواڵ بە ئەوان نەدات، سزا دەدرێت.

ناوبراو باسی لەوەش كرد، لە ترسی زیادبوونی جموجۆڵی داعش زۆرینەی گوندەكانی ناوچەكە چۆڵ كراون.

kdp-
Top