دڵشاد پیرۆت: تا ئێستا ٦٠ھەزار عەرەب ھاوردەی کەرکووک کراوە
دڵشاد پیرۆت، ئەندامی لیستی برایەتیی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک، ڕاگەیاند: "بەداخەوە پڕۆسەی تەعریب لە کەرکووک ھێشتا درێژەی ھەیە و ژمارەیەکی بەرچاوی خێزانی عەرەب لە ناوچە جیاوازەکانی عێراقەوە ھاوردەی شاری کەرکووک و دەوروبەری کراون، لە بەرانبەردا کورد لەسەر زەویی باب و باپیرانی دەردەکرێت و دەست بەسەر زەوی و مڵکی ھاووڵاتییانی کوردی کەرکووکدا دەگیرێت."
ئەندامەکەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک گوتیشی: "ھاتنی عەرەب بۆ گۆڕینی ڕەوشی کەرکووک لە بەرژەوەندیی پێکھاتەیەک پێچەوانەی دەستووری ھەمیشەییی عێراقە و پێویستە ڕەوشەکە ئاسایی بکرێتەوە، چونکە مەترسی بۆ سەر کەرکووک زیادی کردووە و لە زۆر ناوچەش ھەڕەشە لە کورد دەکرێت بۆ تێکدانی خانووەکانیان."
پەیوەیست بە ژمارەی ئەو عەرەبە شۆڤێنیانەی ھاتوونەتە کەرکووک، پیرۆت دەڵێت: "لە دوای ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە ئێمە نەگەڕاوینەتەوە بۆ شارەکەمان، بەڵام ھەر خۆیان، ئەوانەی لە کەرکووکن، ئاماری ھاوردەکردنی عەرەب بڵاو دەکەنەوە و بەپێی ئاماری بەردەست تا ئێستا ٦٠ھەزار عەرەب لە دەرەوە ھاتوونەتە کەرکووک و زۆربەشیان لە سنووری قەزای دوبز جێگیر بوونە، چونکە ئەو ناوچەیە زۆربەی نەوتی کەرکووکی تێدایە."
kdp -
