دووەمین کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان ئەنجام درا
لە کۆبوونەوەکەدا ئەنجومەنی وەزیران بە توندی ڕووداوە تیرۆریستییەکەی تەقەکردن لە ڕێستورانتێکی ھەولێر سەرکۆنە کرد و دەستخۆشی لە دەزگاکانی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان کرد کە لە ماوەیەکی کورتدا توانییان ئەنجامدەرانی کردەوەکە دەستگیر بکەن، ھەروەھا ئەنجومەنی وەزیران ھاوخەمیشی لەگەڵ کەسوکاری قوربانییانی ڕووداوەکە دەربڕی.
ئینجا گفتوگۆ لە بارەی ڕێوشوێنی جێبەجێکردنی ڕێنماییەکانی یەکەمین کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران کرا و وەزیرەکان سەرنج و تێبینی خۆیان خستە ڕوو، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران وەزیرەکانی ڕاسپارد لە دامودەزگاکانی حکوومەتدا بە باشترین شێوە ڕێز لە ھاووڵاتییان بگیرێ و جیاوازی لە مامەڵەکردندا نەکرێت، پەیوەست بەمەش بڕیارە وەزارەتەکان ڕێنمایی تایبەت دەربکەن بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکانی ئەنجومەنی وەزیران.
پاشان سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران تیشکی خستە سەر سەردانی شاندی باڵای حکوومەتی ھەرێم بۆ بەغدا کە بە شێوەیەکی زۆر ورد داتا و زانیاریی پێویستی لەبارەی مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان بۆ بەرپرسە باڵاکانی حکوومەتی عێراق ڕوونکردبووەوە، کە بڕیارە شاندی ھاوبەشی ھەردوولا لە نزیکترین کاتدا دەست بە گفتوگۆی چڕ بکەن بۆ دانانی میکانیزمی چارەسەرکردنی کێشە ھەڵپەرسێردراوەکان لەگەڵ بەغدا.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی گرنگی و بایەخیی بە ئەلیکترۆنیکردنی کاروبارەکانی حکوومەت کرا وەک لە کارنامەی کابینەی نوێی حکومەتی ھەرێمدا ھاتووە. ئاماژە بەوەش درا کە ئێستا ماڵپەڕی نوێی حکومەتی ھەرێمی کوردستان وەک ماڵپەڕێکی یەکگرتووی گشت وەزارەت و فەرمانگەکانی حکومەت بە شێوەیەکی پرۆفیشناڵ و پێشکەوتوو کراوەتەوە و بڕیارە لە ئایندەدا لە رێگەی ئەو ماڵپەڕەوە خزمەتگوزاری گشتی و بەدەستھێنانی بەڵگەنامە و زانیاریی پێویست پێشکەشی ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان بکات و ببێتە ھەنگاوێک بەرەو بە ئەلیکترۆنیکردنی ئیشوکارەکانی حکوومەت.
باسنيوز
