ئەندازەی پارکەکانی ھەولێر لەبارەی ئاودانی باخچەکانی ناوەڕاستی شەقام ئاگادار دەکرێنەوە
ئەمڕۆ دووشەممە 22/7/2019، موقەدەم فازڵ حاجی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی ھاتوچۆی ھەولێر، نووسراوێکی فەرمیی بەڕێوەبەرایەتییەکەی لەبارەی کێشەی ئاودانی باخچەکانی ناوەڕاستی شەقام لە ھەژماری تایبەتیی خۆی، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) بڵاو کردەوە و دەڵێت: "بە نووسراوی فەرمی ئەندازەی پارکەکانمان ئاگادار کردووەتەوە سەبارەت بە شێوازی ئاودانی باخچەی دورگەی ناوەندی شەقامەکان، کە بەم شێوەیەی ئێستا زۆر جار کێشە و ئاستەنگیی ھاتوچۆ دروست دەکات، ھیوادارین کار بە ئاگادارییەکە بکەن و ڕێکاری پێویست بۆ نەھێشتنی ئەم کێشەیە بگرنە بەر".
لە نووسراوەکەشدا ئاماژە بەوە دراوە: "پێتان ڕادەگەیەنین کە لەشەقامی شۆرش - چوارڕێیانی خانزاد تا دەگاتە بەڕێوەبەرایەتیی ھاتوچۆی قەزاکان، بەھۆی ئاودانی دارەکانی ناوەندی شۆستەی شەقام، ئاو دەڕژێتە سەر شەقام و بەھەمان شێوە ئەم کارە لە شەقامەکانی 100 مەتری، 60 مەتری و 40 مەتری و شەقامەکانی نێوانیان ھەیە".
باس لەوەش کراوە: "ئەم کێشەیە دەبێتە ھۆی جەنجاڵی و ڕووداوی ھاتوچۆ، ئەمەش بەھۆی کەمکردنەوەی خێرایی لەناکاوی ئۆتۆمبێلەکان کاتێک بە ئاوی سەر شەقامەکە دەگەن، بۆ ئەو مەبەستەش داواکارین سیستەمی ئاوادنەکە پێداچوونەوەی بۆ بکرێت".
باسنيوز
