بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی داوای دامەزراندنی ئەنجوومەنێك دەکرێت
ئەحمەد ئەنوەر، سەرۆکی دەستەی دەستپاکی ھەرێمی کوردستان راگەیاند: پێشنیازەكە بە نووسراو ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیران دەكەین، كە ئەنجوومەنێك بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی بە پێویست دەزانین.
ئەندامێكی پەرلەمانی کوردستانیش دەڵێت، پێویستە بەرزترین دەسەڵات لە كوردستان سەرپەرشتی ئەنجوومەنەکە بکات بۆ ئەوەی بە ھێزەوە رووبەڕووی گەندەڵی ببینەوە و دەشڵێت، دەبێت ئەنجوومەنەکە ھەموو دەسەڵاتێکی بڕیاردانی لە دەستبێت بۆ رووبەڕوو بوونەوەی گەندەڵی.
شێرکۆ جەودەت، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان گوتی: پێویستە سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان یان سەرۆكی ھەرێم، سەرۆكایەتی ئەنجوومەنەكە بكەن، بۆ ئەوەی بە تەواوی دەسەڵاتیانەوە ھێز بدەنە ئەنجوومەنەكە، دژی گەندەڵكاران، ئەگەر بەھێزترین دەسەڵاتی كوردستان لە پشت ئەو ئەنجوومەنە نەبێت ناتوانرێت رووبەڕووی گەندەڵكاران ببینەوە.
لە پێشنیازەکەی دەستەی دەستپاکیدا ھاتووە، کە جگە لەوەی راستەوخۆ سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران سەرپەرشتی ئەنجوومەنەکە بکات، ھەروەھا ھەر یەک لە داواکاریی گشتیی و دەستەی دەستپاکی و دیوانی چاودێری دارایی و فەرمانگەی ھەماھەنگی و بەدواداچوون ئەندام بن لە ئەنجومەنەکەدا، دوای راوێژ لەگەڵ سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیراندا ئەندامانی ئەنجوومەنەکە دیاری بکرێت.
k24
