ساڵی داهاتوو پڕۆژەی مۆنۆمێنتی شەھیدانی بارزان كۆتایی دێت

ساڵی داهاتوو پڕۆژەی مۆنۆمێنتی شەھیدانی بارزان كۆتایی دێت
٣٦ ساڵ بەسەر جینۆسایدكردنی بارزانییەكاندا تێدەپەڕێت، كە لە ساڵی ١٩٨٣ـدا رژێمی ئەوكاتی عێراق لە رەشبگیرییەكی بێوێنەدا ھەشت ھەزار ھاووڵاتیی سڤیلی بارزانی زیندەبەچاڵ كرد، بەڕێوەبەری شەھیدانی بارزانیش ئاشكرای كرد، چەندین پڕۆژە لە گۆڕستانی شەھیدان جێبەجێ دەكرێن و داواكاریشیان لە حكوومەت ھەیە.



رێبوار بارزانی، بەڕێوەبەری شەھیدان و ئەنفالكراوانی بارزان، راگەیاند: "ئامادەكاری بۆ زیندوو راگرتنی ٣٦ ساڵەی جینۆسایدكردنی ھەشت ھەزار بارزانی دەكرێت و ئەمساڵیش ئەو یادە بەرز رادەگرین، چەندین پڕۆژەش لە مەزاری بارزانییەكان لە دەڤەری بارزان كەوتوونەتە واری جێبەجێكردنەوە بۆ ئەوەی بتوانین گۆڕستانی بارزانییەكان بە شێوەیەكی سەردەمیانە بۆ یادەكان ئامادە بكرێت، بە تایبەتی شوێنی گۆڕستانی شەھیدان، شوێنێكی بەرفراوانە و پێویستی بە خزمەتگوزاری ھەیە".



لەبارەی پڕۆژەی مۆنۆمێنتی شەھیدانی بارزان، بەڕێوەبەری شەھیدان گوتی: "كاركردن لە پڕۆژەی مۆنۆمێنتی شەھیدان لە بارزان بەردەوامی ھەیە، بەڵام ئەمساڵ كۆتایی نایەت، چونكە دەمانەوێ بە سوودوەرگرتن لە ئەزموونی پێشكەوتووی چەند وڵاتێك مۆنۆمێنتێك دروست بكەین شایستە بێت بۆ شەھیدانی جینۆسایدی بارزانییەكان، بەڵام پێشبینی دەكەین بۆ ساڵی ئایندە مۆنۆمێنتەكە تەواو بكرێت".



رێبوار بارزانی، داوای لە حكوومەتی ھەرێمی كوردستان كرد لەو یادەدا داواكاریی كەسوكاری شەھیدان جێبەجێ بكرێت لە تاپۆكردنی زەوییەكانیان، كە پێشتر بەسەر كەسوكاری شەھیداندا دابەش كراوە و دەست بە دابەشكردنی چەكی خانووی خۆكرد بكرێت، چونكە بەر لە قەیرانی دارایی، بەشێك لە كەسوكاری شەھیدان چەكی پارەیان وەرگرتووە، بەڵام خەرجكردنی پارەكە راگیراوە.

kdp -
Top