پەرلەمانتارێك: لەناو لایەنەكان كۆدەنگییەکی باش بۆ بابەتی دەستووری هەرێمی كوردستان هەیە
زانا مەلا خالید، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی پارتی ڕايگەیاند: ”ئێمە بۆ بابەتی دەستوور دەستپێشخەر دەبین، باوەڕی تەواومان بەوەیە كە بابەتی دەستوور ڕەهەندێكی نیشتمانی هەیە، بۆیە وەك فراكسیۆنی پارتی بەتەنیا پرۆژەی دەستوور پێشكەش ناكەین و كاری لەسەر ناكەین، پێمان وایە هەموو لایەنە سیاسییەكان و پێكهاتە و ئاینەكانی ناو پەرلەمان ئەو كۆدەنگیەیان هەیە، پێكەوە ڕەشنووسی دەستوور ئامادە بكەین“.
گوتیشی: "پرۆژەكە وەك دەستپێشخەرییەك هەمانە و جەخت دەكەینەوە لەم چوار ساڵەی لە پێشمانە دەبێت هەرێمی كوردستان ببێتە خاوەنی دەستووری خۆی، بۆ نووسینەوەی دەستووریش سود لە ڕەشنووسەكەی دیكە وەردەگرین"
ئەوەشی خستە ڕوو، كە ئێستا دەبینن لایەنەكان كۆدەنگییەكی باشیان لەسەر بابەتی دەستوور هەیە، ئەگەر بیروڕای جیاوازییان لەسەر چەند بابەتێكیش هەبێت بە مانای ئەوە نییە كە دەستوور نانووسرێتەوە، چونكە لەسەر ئەو جیاوازی بیروڕایانەش دەگەینە ئەنجام و لە كۆتاییدا لە هەرێمی كوردستان دەبینە خاوەنی دەستووری خۆمان.
باسنيوز
